ڕێوی و قاز

لە کتێبی:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
 2 خولەک  1463 بینین

ڕێوییەک بەرەبەیان هەستا. ڕۆیشت بۆ لای چەم و مێشەڵانێک و کەوتە ملومۆ. کە لە چەمەکە نزیک بووەوە، دیتی یەوا قازێکی سپی و جوان و قەڵەو بەسەر ئاوەکەوە دەگەڕێ: گوتی:

- بەیانیت باش قازی ئازیز!

قاز وەڵامی دایەوە:

- بەیانیت باش مام ڕێوی!

- بەم بەیانییە زووە و بەم سەرمایە لەناو ئەو ئاوە ساردەدا چ دەکەی؟ وەرە وشکایی با تۆزێ گەرمت بێتەوە و نەختێکیش بە یەکەوە قسە بکەین.

- من بە ئاوی سارد ڕاهاتووم. سەرمام نابێ. فەرموو قسە بکە، لێرەوە گوێم لێیە.

- دەمزانی تۆ لەم ناوەی هاتووم بۆ لای تۆ؛ بەشکم وەکوو دۆستێکی بەئەمەک یارمەتیم بدەی.

- دیارە ئێمە چاکەی تۆمان لە چاوە و لە حاست تۆ بەئەمەگین!

- فەرموو بزانم پێداویستیت بە چییە؟

- هیچ نییە بینێمە ژێر سەرم. ملم ڕەق بووە. نەختێ پەڕوپۆم بدەیە بۆ سەرین.

- بەداخەوە درەنگ هاتی. پێش پێی تۆ کابرایەک هات هەرچی پەڕوپۆی زیادم هەبوو هەموو کڕیی.

- خۆ هێشتا پەڕوپۆت زۆر پێوەیە. لەوانە بەشم بدە.

- ئەوانەشی لێ سەلەم کردووم.

- ئەوە کێیە وا بەم بەیانییە زوو، لە پێش مندا گەیشتۆتە ئێرە؟

قازەکە چاوی گێڕا بەو ناوەدا کابرای ڕاوکەری بە تانجییەکەوە کە هێشتا بەو ناوەدا دەگەڕا بە ڕێویی نیشان دا و گوتی:

- ئا یەو پیاوەیە.

ڕێوی بەرەو پاش کشایەوە. کلکی گتە گەڵۆزی و خەریک بوو خۆی بدۆزێتەوە. قازەکە گوتی:

- مام ڕێوی! ئەوە بۆ کوێ دەڕۆی؟ بگەڕێوە قسەی لەگەڵ بکە. شتێکی زیادی بدەرێ و لێی بکڕەوە. پیاوێکی باشە و لەگەڵت ڕێک دەکەوێ.

ڕێوی بە دەم ڕاکردنەوە وەڵامی داوە:

- بۆ تۆ کە لەناو چەمدا مەلە دەکەی ڕەنگ بێ پیاوێکی باش بێ، بەڵام بۆ من کابرایەکی ئێسکقورسە. نامەوێ سەودای لەگەڵ بکەم.

ئەمەی گوت و بۆ خۆی دەرباز بوو.