کەروێشک و دەڵەک ئاغا

لە کتێبی:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
 1 خولەک  990 بینین

کەروێشک خەریک بوو لە کونەکەی خۆی بێتە دەرێ بچێ بۆ گەڕان. کوتوپڕ لە پشتەوە شتێک پەڕییە کۆڵی.

کەروێشکەکە گوتی:

- هەڵمەتی شێرم دیوە؛ تۆ شێر نی.

شتەکە کە پەڕیبووە کۆڵی وەڵامی دایەوە:

- نەخێر؛ شێر نیم.

- هەڵمەتی پڵەنگم دیوە؛ تۆ پڵنگ نی.

- نەخێر؛ پڵنگ نیم.

- هەڵمەتی گورگم دیوە؛ تۆ گورگ نی.

- نەخێر؛ گورگ نیم.

- هەڵمەتی ڕێویم دیوە؛ تۆ ڕێوی نی.

- نەخێر؛ ڕێوی نیم.

- هەڵمەتی سەگم دیوە؛ تۆ سەگ نی.

- نەخێر؛ سەگ نیم.

- هەڵمەتی هەڵۆ و داڵ و باشووم دیوە؛ ئەوانەش نی.

- نەخێر؛ ئەوانەش نیم.

- ئەی پێم ناڵێی تۆ چی؟

- من دەڵەک ئاغام، دەڵەک ئاغا!

- ڕاست دەکەی. من خۆم هیچ نیم؛ بۆیە تۆ دەتوانی لێم ببی بە دەڵەک ئاغا.