«باسی مردنی خەزاڵێ»
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
1 خولەک
562 بینین
حەو ساڵ بە شیوەن و بە ناڵە
دەژیا و نەمرد ئەو خەزاڵە
ئەو ماوە لە پاشی لاسی هەرما
بەو داخەوە هەر نەمرد و دەژیا
هەر چەندە کە مامە ڕەش بە بەندان
ئەو پەریەیی لا دەدا لە گریان
ئەو چاتری کوڵ دەگرت لە بۆ شین
وەک هەور هەڵی دەڕشت ئەسرین
ئەو خویی لە ناڵە هەر نەگۆڕی
بەو حاڵەتە مرد و چۆوە گۆڕی
چون لەو غەم و دەردەدا دەبوو کاس
گەر مرد دەنێژرا لە کن لاس
ئەو هانە کە جەرگ و دڵ بڕاون
هەر پێکەوە هەردوو نێژراون
ئێستا ئەوە گۆڕی وانە ماوە
جێ گۆڕی ئەوانە بەر بڵاوە
گەر چوویی لە دوورڕا دیارن
دوو گەوهەری زینەتی هەوارن