«ڕۆیشتنی لاس بۆ پێش چەتان»
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
2 خولەک
638 بینین
لەو لایەوە لاس ئەگەر بەڕێ بوو
سەرکەوت لە کێوە یەک دەرەندوو
پێشەبڕەیی داوە لەو چەتانە
لێی دانەوە شیر ئەو جوانە
سی دانە چەتەی دەکوشت و دەشکان
بەریان دەداوە دەس لە گاڕان
مابوونەوە شەش نەفەر هەڵاتن
ئەو هانە لە شەڕ وەبەر نەهاتن
چڵکن کە ئەوەی دەدی دەلەرزی
دەیکردەوە کۆشمە هەر لە عەرزی
پچکێکی دەکرد دز ڕەچاوە
وەک کێسەڵە خۆی لەوێ دەناوە
ئەو لاسەیە چڵکنی گڵاوە
تیرێکی لەوێوە لێدەداوە
وەک چەقڵ و درۆویە لەو کەهەڵچوو
پەیکانی لە گوڵمەڕان ون بوو
بەو تیرە کە لاس ئەبوو بریندار
نەی کردەوە ناڵە ناڵ و هاوار
پەیکانی لە ڕان دەر نەکێشا
دەیگوت کە دڵی خەزاڵە هێشا
دۆعایی دەکرد کە تیری دوژمن
لەو کێو کەژانە بێ لەبۆ من
لێم بۆ وە بە تیر تووکی خانم
پەیکانی دراوە هەر لە ڕانم
ئەو تیرە لەوێ دەبێ وەمێنێ
تا یار بە دەس دەری دەهێنێ
بیکاتەوە جێگە زام دەرمان
لەو تووکەیە با وەبێ پەشیمان
ڕمبێکی لەوێ دەدا لە چڵکن
بەو ڕمبەیە سەر دڵی دەبوو کون
مابوو کە بەنووکە ڕمبی دادا
ئەو چلخوس و چڵکنەی حەوا دا
بە دییاری دەبرد بۆ خەزاڵێ
هاویشتیە بەر دەمی لە ماڵێ
دەگوت بەوە لێم دراوە یەک تیر
تووکی تووە گەر لە من دەبوو گیر
هەر چەن کە بە تیری ئەو مرۆیە
زامار مە هەر بە تووکی تۆیە