«گەشبوونەوەی خەزاڵ و خۆ ئاراستەکردنی بۆ شایی»
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
1 خولەک
638 بینین
بەو باسەوە سوورە گوڵ ژیاوە
سەر کوڵمەیی زەرد بوو، گەشاوە
ئەو سوورە گوڵەی کە بوو بە بێ ئاو
بەو ڕازە ژیاوە بۆوە تێر ئاو
هەر ئەو دەمە چوو لە بەردەشۆری
دەیکرد حەمام و بوو بە حۆری
چۆ داوەت و عالەمی نەناسی
بێ ترس دەچۆ وە دەستی لاسی
دێ زمبە لە دایرە و لە دمبەگ
دێ غرمە لە گۆ بەرۆک و کرمەت
چاوەش بە هەوایی نەرمە نایە
ئەو خەڵکەیی خستبوو سەرمایە
زۆڕنا کە نەقەی دەداوە لۆغان
هەڵگرتەو و ڕەوت بوو لە مەیدان
گەر چووزە بە تووزەلەی دەدایە
هەڵپەڕکێی گەرم ئەکرد لە شایە
شایی دەگەڕا هەر وەکوو ئاش
پەیدا بوو لە چاوەشانە شاباش
شاباش کراوە شایەری بەند
ئاڵی لە دەمی ڕژاوە وەک قەند
هەر پارەیی وەوە شەیارە دەدرا
لەو ئاڵیە نێوی چاکە دەبرا