«وەتاڵووکە کەوتنی لاس بەو خەبەرە»
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
1 خولەک
614 بینین
دەیبیستەوە گەر پەیامی یارە
ئەو لاسە دەکەوتە ڕێ بە غارە
بەو جۆرە لە یاری گەر خەبەر هات
داری بەری خەونەکەی وە بەر هات
هاتن بە سوواری و بە پێیان
دەبڕا بە شەوێکی نیوەڕێیان
ملیان لە کەژ و لە لێژ و خڕ نا
تا گەینەوە هەڵپەڕین و زۆڕنا
بەو بەزمە پڵنگی لاو و هۆشیار
قنیاتی لە دەس برا لە بۆ یار
بە سواری دەکەوتە نێو هەواری
هەر خووێنە لە دیمەنی دەباری
لەو داوەتە خەڵک ئەوەندە بوو زۆر
ئەو هۆبە هەموویی هەر دەچوو بۆر
کێ کێی لە هۆبەدا دەناسی
کاری نیە کەس لەوێ بە لاسی
هەر بگرە بڕۆیی بن دەوارە
هەر عەقرە مەقۆیە لەو هەوارە
بۆ داوەت و بەزم و بۆ تەماشا
هێن خەڵک لە هۆبەتێ دەخەوشا
لەو هۆبەیە دوژمنی نەمابوو
چون چۆپیە پاکی وەک برا بوو