«پەلاماری لاس بۆ سەر مەمەند بە شمشێرەوە»
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
2 خولەک
634 بینین
هەستا ڕقی لاسە هەر وەکوو شێر
کێشایی بەرەو مەمەند شمشێر
بۆی چوو بە شەڕ و هەڵی دەکردێ
شاڵاوی بە غار هەر دەبردێ
دەگژایە مەمەندی گەر بە شیری
دەیکردەوە قاش وەک پەنیری
ئەو لەشکرە گرتی ئەو پەڕاوپەڕ
لەو لاسی نەترسی لاو و شەڕکەر
دەیناوە بە شیر بەر لە ماران
دەیخستەوە وەک گەڵای داران
هەر تیپە کە ڕوویی تێ دەکردن
دەیداوە لە شانی وانە مردن
دەڕژا لە کەنار و بەر بناران
گللێرەیی مەرگ بۆ سواران
ئەو ڕۆژە هەڵۆیی عاشقی شەڕ
وەک گورگ دەکەوت مێگەلی مەڕ
وەک بەور بدا لە پۆلە ئاسک
پڕژاندی ئەو لە شیو و باسک
ئەوجارە دەکەوتە سەر عەزیزی
دەشکا لە شەڕ ئەو عەزیزە فیزی
ڕمبێکی وەهایی دا لە پشتی
ڕیخۆڵە و جەرگی کەوتە دەشتی
بێ خاوەنی کرد سەد وەڵاغە
لەو بەینە دەگەییە ئەحمەد ئاغا
شیری کە لە گەردن و سەری دا
دەیبڕیەوە وەک لە بیبەری دا
مەیدانی بەوانە چون گەرم کرد
سەر کێو و چیایی پڕ تەرم کرد
هەر ئەو دەمە مامە ڕەش وەدەرکەوت
بەو جۆرەیی شەڕ کە دی نەدەسرەوت
زانی کەوە لاسی قارەمانە
کردوویە لە دوژمنی قڕانە
بۆ لایی دەهات و دەیڕوانی
تا لەو کەژە ئەو گەیشتە خانی
دەیکرد هەزار ئافەرینە
لەو لاسەیی ئەو بە پێکەنینە
فەرموویی ئەبەو جوانە خانە
بمنێرەوە سەر چەتەی مەڕانە
من دەچمەوە پێش لەو سوارە
ئەو لەشکرە با نەبێ قووتارە
بەو شیرە کە جەوهەری دیارە
دەیکەم لەشی وانە پارە پارە
دامناوە لە سەر دەسم گیانم
بۆ خۆم و هەموو ڕەفیقەکانم
چون ئەو چيتە مەردە پڕ هونەر بوو
دەستووری بە چوونەکەی لە سەر بوو
ڕۆیشتنەوە بە دەمی سوارە
ڕۆیان دەبوویە وەک کولارە
ئەو پێنسەدی لێ دەکوشتن ئەو جار
تا عەسر بە دەفتەر و بە ئەژمار