«بەندی خەزاڵ»

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 2 خولەک  650 بینین
لەو دیوە بە بەند بولبولی سڵ
بەو جۆرە وتەی دەدا لە سەر گوڵ
ئەی لاوە کڵوکی دەسچنی تۆ
چ بکەم کە نیانە دیمەن و بۆ
لەو کاتەوە من وەرم کە گرتوون
بە جوانی ئەوم لە شووشە خستوون
بنکی گوڵە وا لە نێوی گوڵدان
دێراوە بە ئارەقی دەبسکان
لەو ئاوەیی گۆمە قوڵی گەردن
لێم داوە هەتا هەمیشە گەش بن
بۆ خاتری تۆیە ئەی جوانە
پەروردە کراون ئەو گوڵانە
ئەینا گوڵی وا دەبوو نەدێرم
ئەوهانە لە هۆبەدا وەشێرم
کردبووتەوە چون لە دوورە ڕێیان
تۆزی مەڕی کەوتبۆوە لێیان
بربوویی جەواڵی کاروانە
سەربەرگی جوانی ئەو گوڵانە
پێت وایە کە چون لەلایی تۆیە
ئێی مێرگە شەکۆیە یا چەکۆیە
یا جوویە گەدو سەری سپی سەنگ
هێناوتە غونچە گوڵ بە بێ دەنگ
لەو کێو و کەژ و چیا و یاڵە
سوڕایەوە بۆ گوڵ و هەڵاڵە
یا چوویی و گەڕایی تۆ لە تورە
بۆ چەپکە کوڵۆکی چەندە جۆرە
یا چوویەوە چل پلەی عومانێ
بێ ترس لە شێری بیشەڵانێ
کردووتە لەوێ گوڵی بەهاری
ناردووتە بە پیرە بۆ دیاری
دیاری منە چەپکە گوڵ دیارە
بەرماوەیی قافڵە و قەتارە
ئێستا بە شەڕافەتی براکەم
ئەو دییارییە من پەسەند ناکەم
بەو پاییزە شاگوڵی جوانە
هەر لەو کەژی چل پلەی عومانە
نەخوراوە لە بزن و مەڕ تەریکە
کوانی هەیە گوڵ لە کێوی دیکە؟
سەد حەیف و خەسار گەر گوڵی وا
لەو کێوەیە چوون لە دەست دەڕوا