«ناسینەوەی خەزاڵ و چوون بۆ لای»
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
2 خولەک
691 بینین
کاتێکی کە خۆیی پێ دەناسی
ئەو کیژە لەوێ بە کاکە لاسی
بۆ ئەو کەوە لاس ئەچوو لە سەردا
دەیدی کە کەراسی شڕ لەبەردا
فەرموویی لە بۆ خەزاڵە ئاوایی؟
بۆ هێندە کز و پەشێو و شەیدای؟
زەربوویی وەکوو گوڵی هەڵاڵە
نەتماوە چ زینەت و جەماڵە
دەیگوت کە ئەوینە بۆتە داوم
لەو کاتەوە من جەرگ بڕاوم
لەو ڕۆژەوە کە چوویە دەر لە ماڵم
خوێناو دەڕێژم و دەناڵم
دوروی تووە گەر خەزاڵ زەردە
شێواوە، جلی شڕی لە بەردا
ئەی لاسە هەڵۆیی سەر هەوارە
ڕابگرە ئەلێرە تۆ سوارە
با بچمەوە جێ و بان ڕاخەم
من شێوە خواری ئەسپە داخەم
دێنم بە پیاو لەو چیایە
چەن بار لە کۆدە و کەمایە
ئەو دڵبەرە بە بەرگ بپۆشی
میوان بە ئەو دەمەی بە خۆشی
رۆیشتەوە ئەو خەزاڵە کاری
بۆ خەڵک دەکرد هەر دیاری
هەر نۆکەرە چوو لە بۆ شوێنێ
هەر لاوە دەچوو شتێ کە بێنێ
ئێوارە دەهاتن ئەو سوارە
بۆ هۆبە بە لووزە و بە غارە
ڕوویان کە لە هۆبە کرد بە لووزەو
میوانی خەزاڵ ئەبوو لە بۆ شەو
وێستا بوو سەفی ژن و پیاوە
بۆ سەیری سوپایی مەزنە لاوە
ئەو خەڵکە بە هاتنی ئەوانە
کۆبۆوە لە پیر تا جوانە
تا ڕێز لە لاسە شۆڕی بگرن
لە جووانی و ناحەزی بفکرن
کەس بیری لەوەی نەبوو شوانە
ئەو خانەیە وا لە باڵەکانە
دەرکەوتەوە گەر لەوانە سەردا
ئەو عالەمە هەر بەیەک دەم و زار
کردیان لە لاس ئافەرینە
لەو ئەسپەو لەو سووارو زینە
گوتیان کە خەزاڵە شۆڕی بەد خوو
بەو مەزنە جووانە با بکا شوو
کوردێ کەوە ڕوو بکا لە بەرخان
کەی لایقە بۆ چرایی نەبیان؟
یەک خێوەتی چل گەزی بە باڵی
بەسراوە لە چادری خەزاڵی
بۆ دەستەیی لاس هەڵدرابوو
سەرتاسەری پڕ فەڕش کرابوو
پیر هاتن و چوونە ژووری خێوەت
کردی بە جوانەکانە خزمەت