«تووڕەبوونی پیرە لە خەزاڵ و لۆمەکردنی»

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 1 خولەک  739 بینین
گێڕایی زمان پیرە ئەو جار
دەیگوت بە خەزاڵە ئەی پەری هار
نامووس و حەیایی تۆ ڕژاوە
ناناسی ژن و کچ و پیاوە
خۆ پێ زلی ئەی چەتیوە سووکە
دەیڵیی و دەکەی جنێو و تووکە
خۆ عەیبە کەسێک بێتە ماڵت
بگرێتەوە سەر بەرەو جەواڵت
بێ وەی کە لە کابرا بپرسی
تێی بەربی و هەر لە کەس نەترسی
ئاسوودە نەبی بە دڵ لە ڕێوە
ڕابگری گوێی بۆ جنێوە
دویانەیی ڕوو سیاو بێ هۆش
نەت ماوە ئەگەر ئەتۆ وتەی خۆش
شا ژن بە دەبم دوێنە بە جوێن
لێم پرسە کە ئەو گوڵانە ئی کێن؟
جا ئەو دەمە چاوەکەم بە کوتکان
تۆ بمدەوە دەس مناڵە ورکان
لێی داوە کە پیرە تانە بە زمان
بەو تانە خەزاڵە کەوتە گریان
گەر قەڵسی و سەر ڕەقی وەلا نا
بۆ پیرەیی ڕێز و قەدر دانا
دەیگوت ئەوە مامە پیرە ئی کێن؟
هێناوتە بۆمە گوڵ بە تورێین