«وەڵامی لاس»

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 1 خولەک  493 بینین
دەیگوت کە خەزاڵە چوون فەقیرم
بێ تیرم و بێ کەوان و شیرم
دەستوور دەدەی بە من کە ماوێ
شەرمەندە دەکەی ئەلێرە لاوێ
وەمنی کە بدا مەلا کەوانی
تۆ تاقەت و هێزی من دەزانی
ئەو سێڵەم ئەگەر لە بەر دەمەت کون
کرد، نابمە ڕوو سیایی دوژمن
دوا ئەو وتە کا نەبی کەوانی
خۆی داوە لەوێ وەس شوانی
یەک تیری لە نێو کەوان دانا
فەرموویی بە مینگە بە شوانە
ها تیر و کەوان کوردی ئەحمەق
بزانم چکۆنی دەکەی لە مەفرەق؟
گرتی کە کەوان ئارەشی ژیر
چۆکێکی لە عەرز ئەدا لە بۆ تیر
ئەو تیرەیی ڕوو بە سێڵ ڕاگرت
کێشیی کەوان و ژێی داگرت
نێوی لە خودایی خۆیی هێنا
دەیگرتەوە مشتە لەو شووێنە
ئەو تیرە کە لە سێڵەکەی کە دەدرا
تێی کرد کەلێن و کون دەپچڕا
لەو دیوە کە تیر تێپەڕی بوو
ئەژنۆیەکی عەرزی ڕەق دڕی بوو
وەک نۆکەری وا لە بەر دەمی تۆ
وێستاوم و هەر منم مەمی تۆ
گەر بێڵی خەزاڵە خۆ دەکەم ساز
دەفڕم لە نشێو و ڕژد و هەوراز
تا دەچمەوە گوندی ناو پردان
ماوێکی لەوێ دەبم بە سەردان