«چوونی خەزاڵ بۆ لای لاسی بە ناچاری»

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 1 خولەک  689 بینین
خانم کە شتی دەسی لە لاسی
هەستا بە پەشێوی و بە کاسی
دەیداوە تروسکە بوو بە یاقووت
لەو دەرکە دەگەڵ شوانە بوو جووت
وەک مار لە یەکتری دەهاڵان
لێو هات و لە ماچ کەوتە تاڵان
تاڵانی دەگرت یەک یەک و دوو
بۆ مەڵحەمی زامەکەی دەپێشوو
هەر لێو بە لێو و دەم دەمژرا
هەر مەمکی هەنار ڕادەکوشرا
هەر گاز لە سینگ بوو دەگیران
هەر چاوە دەکەوتە شەڕ بە شیران
هەر دەست لە نیو ملا وەرابوو
هەر بەژنە لە مێز و باوەشا بوو
چون هێندەیی لێ ڕەبا درابوو
لەش هەروەکووو سوورە گوڵ وەها بوو
شین بوو کەلەکەی سپی ئەوانە
پاکی بە نەقورچە لەو دوانە
دەی وا مەکە دەی بەرمدە لاچۆ
پەیدا بوو لە نێو ئەوانە بە درۆ
نازو گلە بەو درێژ و زۆرە
دەکراوە لەوێ لەیەک بە نۆرە
لەو کاتەوە چوونە ژێری لێفێ
هەر سرکەو غڵوە بوو لە بن جێ
تا ڕۆژ دەبۆوە دەم لە سەر دەم
ئەو مانەوە بێ هەرا و بێ غەم
چۆن بوو چ کراوە هەر بە ترسە
لەو بارەوە تۆ لە خۆ بپرسە