«بانگکردنی لاس بە بەند»

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 2 خولەک  655 بینین
بانگێکی بە بەند دەکرد لە لاسە
ئەو شۆ چیە؟ چاوەکەم چ باسە؟
بۆ هێندە بە بێ خەیاڵ نوستووی؟
زیندوویی جوانە یا نە مردووی؟
زوو هەستە شوانە گچکەڵانە
ئەو شۆ خەوی تۆ لە بۆ گرانە؟
یا ڕەب خەوی تۆ گەڕێ وەخێرە
زوو ڕاپەڕە گوی لە من بدێرە
سستی مەکە زوو بە چون بەیانە
تاوێ وەرە ژوور بۆ ژوانە
تۆ بێنە بۆ خەزاڵە پارێز
ئەو سوورە گوڵەی بنێ لە ئامێز
جا بگرە بە پەنجە سێو و لیمۆ
پاوان کراون خۆ لە بۆ تۆ
ڕامووسە بە لێو هەردوو کوڵمەم
هەڵ بکوشە لە بن کەراس دا مەم
هەڵ بمژە لە قووڵی گەردنی زەرد
ئاوێ کە دەوایە بۆ هەموو دەرد
بۆنی بکە تۆ لە موویی شەوبۆ
بڕواتەوە تاکوو خەو لەسەر تۆ
لاولاو بە چاوەکەم لە باڵام
گوێ بگرە دەمێک بۆ سكاڵام
گەر تۆ مەمی ئەو خەزاڵە زینە
گەر مەرهەمی ئەوهەنی برینە
مەجنوونی ئەتۆ ئەگەر لە ئێرانشوێن
لەیلایە خەزاڵی خانە وێران
فەرهادی ئەگەر ئەتۆیی غەمگین
من عاشقی تۆم و بوومە شیرین
وەک ئێوە بزانە دڵ پەشێوم
خۆ زەردەیی نادرێ لە لێوم
کەم ڕوو مەبە بولبولە دەگەڵ گوڵ
بۆ بەو شەوە لەو گوڵەی دەبی سڵ؟
عاشق بە شووانی و بە کاری
بێزار دەبێ نەبی لە یاری
شووانی کە بڕاوە هەر بە ڕێوە
ڕێزی هەیە بۆ دەڵێی دزێوە؟
گەر بوویە شووانی من ببورە
تێیدا نییە عەیب و عار و شوورە
عەیبی کە هەبایە بۆ بە خاتم
دەکرا لە کەژی مەکەی موعەززەم؟
مووسا بوو بە حوکمی دەستی غەیبی
بە شووان لە بۆ مەڕی شوعەیبی
کوا چاتری چاوەکەم لە وانە؟
بۆ بەو شەوە پێتە تۆ بەهانە؟
هەر چەندە بە دردە دڵ ئەوەی گوت
لەو جێگەیە شەنگە کوڕ نەدەبزوت
دەیخواردەوە سوێند ئەو شەوەی لاس
تا ئەو کچە گەرنە، پڕ لە ئەڵماس
لەنجەی بەشەو ئەر نەکا لە بۆ لام
چون تیری بەڵایی هێندە لێدام
من ناچمە کن ئەوا هەتا هەم
کوا بۆ وی بە شەو دەبم بە هەمدەم؟