«دەردە دڵی لاس بە بەند»
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
8 خولەک
887 بینین
جا ئەو دەمە لاس ئەکەوتە ئەژنۆ
ئەو بەندەیی بۆ گوتن لە سەر خۆ
دەیکردەوە ئارەزو و ئاوات
بەو جۆرە بە قام و بەند ئەو کات
سەد خۆزگە ئەمن لە قەیسیان بام
تێر ئاو بە چاوەکەی ژیان بام
ڕوا بال لە لێوی ئاوو لەندان
یا خۆ لە زنەی دەنێوی زەویان
وەستایەکی خەڵکی میسرە یا شام
بۆ خۆیی تەمایی تێ بکربام
ئەو تەوری لە بنک و ڕیشەدا بام
باڵایی لە سەر زەویی بخسبام
لەو دوایە هەر ئەو خەباتە زەندە
ئەو قەیسیە دارە دا لە ڕەندە
هەر وەک پەرەسی مشار بێنی
جەستەم لە مشار دابهێنی
بمکاتە بە تیری خاسە ڕەنگە
بسوێتەوە بەندەنم بە سەنگە
لەو تیرە کە دایی نووکە پەیکان
بیداتەوە دەس مرۆیی شت زان
لە مرۆیی دەبێ ڕەزا و ئازا
وەک بیژەنە بۆ شەڕی بەرازە
ئەو لاوە بە هێز و تاقەت و تین
ڕوستەم بڕفێنێ هەر لە سەر زین
ئەو تیرە لە سەر کەوانی دانێ
هاویشتنی تیر چا بزانێ
بیهاوێ بە هێزی باسکانە
بیکێشێ لە ژێر ئەو کەوانە
دەرچوو کە لە ژێ بە یەک تەکانە
بڕوا لە کەژ و لە باسکانە
وا بفڕێ کە کەس ئەوی نەبینی
تا لووتکەیی کێوی کێلەشینی
قۆچی قەزەن ئەو حەساری سەکران
بۆ تیرەکە بێ بە جێگە سەیران
ببڕێتەوە ڕی لەوێ بە تاوە
ڕوو کاتەوە سۆڵ و مەڕ کوژاوە
ئەو جارە لە تۆ ڕەوو لە کەپری
نیشانەیی لەو کەژانە بگری
بڕوا لە بڵندی و لە کەویان
تا دێتە ڕەمەندی شاڵە بەگیان
حەو ساڵە ئەلەو کەژەی بمێنێ
گۆڕانی زەمانە نەیڕژێنێ
ڕۆیی کە بەسەر ئەوا حەوت ساڵ
بێ عێل لە کێو و بەندەن و یاڵ
سەر هۆزی ئەوانە ئەحمەد ئاغا
بێ یانە عەزیزە یا بوداغە
لەو خێڵی دە سوور چی لە جێدا
هەر ئەو دەمە ڕابرن بەوێدا
کێژۆڵەیی ناسک و بەدەن شل
وەک سێو مەمک خڕ و شل و مل
لەو عێلە لە کچ گەلی دیاری
تا بیکەنە چاکە و دیاری
هەڵگرنەوە تیرەکەی لە گۆڕی
ئەو بیدەنە دەس خەزاڵە شۆڕێ
یەکدانە سەعاتی تێی بفکری
لەو تیرە خەزاڵ و بۆیی بگری
چون عیشق ڕەگەی ئەوی بڕیوە
دەردی لە دەس ئەو زەمانە دیوە
عیشقێکی لە جەرگ و دڵ چەقیوە
بەو حاڵەوە کێ دەڵێ ڕزیوە
تۆزی لە هەوایی یارە پێوە
بەو بۆنەوە کەوتە شاخ و کێوە
بینێتەوە ئەو کچەی جوانە
وەستا لە چیایی هیندیانە
ئەو تیرەیی ئەو بدا بە وەستا
سەلکی لە تەشی وەنووکەکەی خا
سەلکێکی جوان و قۆز و خڕ نووک
گاکێوی نیشان و خڕکەڵە و سووک
یەک دۆمە ژنی بە سایە شینی
لەو عێلە لە هۆبەدا وەبینی
وێی دا بڵێ بەو کە بیفرۆشە
ئەو تەشیە بە لیرە یا بە قۆشە
بیگێڕە لە بەندەن و هەواران
نرخی بکە تۆ تەشی بە یاران
تا بەڵکی بگا تەشی بە یاری
دەرچی لە گەڕۆکی و هەژاری
بووزوویی بە تەشیە گەر دەڕێسی
یاری بە دەدانە ڕایدەمووسی
گەر هاتە خووارێ وەک دەزانی
دەدرێتەوە ئەو لە شلکە ڕانی
جا ئەو ژنە دۆمە بێتوو بیبا
کەس لەو ژنە بۆرە نەیکڕیبا
هەر یای خەزاڵ مشتەری با
مەیلی لە تەشی بە ئەشرەفی با
بۆ خۆیی وەدەست خست بایە
بەو تەشیە خوری بڕست بایە
بۆ لاوی بە جەوهەر و جوانە
بەگزادە و خانی باڵەکانە
بووزوویی لە بار پێ بڕێسێ
هەودایی بە لێو هەڵکڕووسێ
بەو تەشیەیی ڕستبا حەوت ساڵ
ڕیسی لە بەڕەو جەواڵ و بەرماڵ
لە دوایە گوڵاڵە لێی قەڵس با
چیدی بە تەشی خوری نەڕسبا
ئەو تەشیەیی بردبا لە حەوشە
دابایەوە ژێری ناڵەکەوشە
کربایی بە دوو لەت و فڕێی دا
با ئەو لەتە کەوتباوە دەم با
ئەو بایە ئەوی بدا لە شاخان
بیخاتەوە گۆڕی مۆڵە بەرخان
بیدا لە بڵندی و لە نەویان
ئاوا بێ لە بستووان و کەویان
بۆ مێرگە چوکۆلەیی ببربا
لەو مێرگە لە شینکەدا کەوتبا
ئەوجا کزە بایەکی شەماڵە
بیکا لەتە تەشیەکەی حەواڵە
بۆ چینکەیی شین و سەەوزی ئاوان
گەیبایە بە کانی و دەواران
ئەو تەشیە لە سەر ترازنی وان
بیکاتەو شین و سەوزە یەزدان
ئەو نۆرەیە دار، شۆڕەبی بێ
شۆڕابەیی سەر لەسەر زەوی بێ
دابرێ بە پۆپ و لق هەواری
چوار دەورەیی مێرگ و مێرغوزاری
لە بنەو بیە هەرچی دیدە مەستن
کۆڕێکی بە بێ غەمی ببەستن
شۆڕابەیی دارەبی وەها بێ
هەر عێلێ لە بن لقێ لەوا بێ
بگرێتەوە بن لقێ لەوانە
حۆری لە چیایی زودیانە
عێلی دزە با بە باغەڵی شۆڕ
بێ بچنەوە بن لقێ لە بۆ کۆڕ
با بازنەداری شۆخی ئاکۆ
داگیر بکەن ئەو لکێ لە بۆ خۆ
با بێ بە خەزێم کیژە کۆیی
ئەو زێڕە جوانە بۆ کەپۆیی
با بێنەوە سایە شۆڕی بڵباس
بیدەن لە بەرۆکی سۆخمە ئەڵماس
سۆرانی زەلامی شارەزووری
بێ بەو لەشی هەر وەکوو بلووری
با تاس کڵاو داری هەرکی
بێ، گەرچی گران و قورسە ئەرکی
چ گوارە تەڵایە بێ لە پژدەر
کۆ وەبنەوە دڵبەری ڕەش ئەسمەر
با بێنەوە پۆلی ڕوو بە خاڵان
لەرزانە وەخو بخەن لە ئاڵان
پشتێن شلی غونچە زارە بۆ گەشت
با بێن لە سوێسنیشوێن و لە سەردەشتشوێن
کیژۆڵە لە بانەشوێن بێ بەڵەک چاو
بەو هەوری و بەو بەرۆکی بەدارو
با بێنەوە کیژو ژن لە شیوان
هەورامی و تاوسی مەریوانشوێن
بابێ لە سنەشوێن و سەقزشوێن شل و مل
بەو ڕوویی جوان و قامەتی شل
کیژۆڵەیی نەرم و شل لە بۆکان
وابێ کە بدا تەشەر لە بوکان
بابێ لە مەحاڵی شاری وێران
کار ئاسکی شورەتی لە ئێران
بێ دڵبەری لالە ڕوو لە لاجان
زەرزا و شکاک یانە پیران
با بێنەوە شۆخی نێو مەهابادشوێن
ئەوهانە بە ناز دڵ دەکەن شاد
بابێ لە گەورک و عێلی مەنگوڕ
بێری دە جووان و شەنگ وەک دوڕ
دانیشن و ئەو لە یەک جودا بن
هەر دەستە لە بن لکێکیدا بن
تەنیا لکە نێوەڕاستەکەی بی
بیدەن بە خەزاڵە شۆڕە ئیدی
ئەوهانە لە دار هەڵڕوانن
وریان و هەموو شت ئەو دەزانن
بڕوانن ئەلەو بیەی بە وردی
پرسن لە هەواڵەکەی بە کوردی
چەن دەورەیی چۆن لە ژین دیوە
کێو پارە و بەندەنی بڕیوە
ئەو دارە دەڵێ بەوانە لەوڵام
دەبڕاوە بە تەوری عیشق باڵام
بەو عیشقە لە کوشتەری دراوم
بەو دەردە لە ڕیشەدا بڕاوم
هەروا بە هەوایی ئەو ئەوینە
دەکراوە لە جەرگ و دڵ برینە
بەو داخەوە بوو کە بوومە تیری
دەرچووم لە کەوان و ژێی ژیری
دەمدینەوە چەن کەژی دە ڕەنگین
تا کەوتمە سەرچایی شیرین
تووشم کە دەبۆوە ڕوو بە خاڵێ
دەنرامەوە بەر دەسی خەزاڵێ
سەودایی ئەوینە گەر تەشی بووم
عاشق بە بەرۆک و باوەشی بووم
بەو هێزە لە ژێری ناڵە پارە
ناڵەم کد و بوومە پارە پارە
کەوتم لە ترازنی ئەوینە
دووبارە ڕەگەم دەبۆوە شینە
تیشکی کە عیشق بە تین لێدام
ئەو جارە ئەمن بە بی دەرووسقام
بەو ئاوری عیشقە دەربەدەر مام
بێ لەشکر و ماڵ و بێ نەفەر مام
دەمبردەوە ڕەنج بۆ شووانی
کردوومە لە کێو بەرخەوانی
نەمبوو کە لە کەژ عەبایی تەنکە
دەمکردە عەبایی شەو کەپەنکە
هەر ماوە شووێنی زامە ئێستا
لە ستۆمە کەوا ڕنا بە پەستە
کوا زۆریە دردی دڵ دەگوترێ؟
شەرعی من و ئەو خەزاڵە دەکرێ
ئەو دڵڕەقە زۆر و من نەرم دڵ
من بولبولی بێ قەرار و ئەو گوڵ
ئەو بازە ئەمن کەوی ڕفازم
ئەو سەقرە ئەمن بە ڕەنگی قازم
ئەو ئاوە ئەمن گیایی بێ ئاو
ئەو تاوە ئەمن گوڵی بە بێ تاو
ئەو بێرییە من شووانە وێڵە
من پیر و کەلاک و ئەو جەحێلە
ئەو شایی وەڵاتە من هەژارم
ئەو خاوەنی ماڵە من نەدارم
کەی دێتەوە ئەو بەزەی بە حاڵم؟
کەی دێ بەزەیی بە ئێمە زاڵم؟
ڕوو مۆنە خەزاڵ و گرژ و توندە
قەت وا نییە ئاوڕێ وەمن دا
بە دەردەوە شەو دڵ دەناڵی
دەشکێ بە غەمی ئەوین باڵی
ترسم هەیە من لە ئاوەتی خۆم
بێ بەش بم و هەر بە جێ نەگا بۆم
ئەی شۆڕە ژنانی نێو وەڵاتان
وێستاوە شووانە وا لە لاتان
بۆ ئێوە ئەمن پەنا دەهێنم
کوژراوم و ون مەکەن خووێنم
یەخسیری خەزاڵە ئەو شوانە
بستێننەوە تۆڵە لەو جوانە
عاشق کوژە ئەو خەزاڵە نێوە
وەک حۆرییە وا لە کۆڕی ئێوە
پەندی بدەن ئێوە هەر بە نۆرە
دەس هەڵگرێ تا لە زوڵم و زۆرە
بەشقەم بەزەیی بە لاسدا بێ
بۆ گۆڕی، شەوانە وەک چرا بێ