«چوونی لاس بۆ کێوی بۆ هێنانی کۆڵەدار»

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 1 خولەک  669 بینین
ئەو لاوە گوریسی دەس دەدایە
ڕووی کردە نوواڵە لەو چیایە
سەرکەوت و دەگەییە یەک نوواڵە
لە گووێنی و لەو چەقالە تاڵە
وەک شێر بەدەس هەڵی دەقەندن
هێنایی هەموو لە ڕیشەو بن
هەر هێندە کە قەننەیەکی تیکەی
یا ئێلچیە بۆ سەفەر بەڕێ کەی
بێ تەور و ترنج و بێ تەوەرداس
کێوێ دەکراوە کۆ بە دەس لاس
گوێنی دەپڕژ زەلامە لە نوواڵ
دەی خستەوە سەر پەتی حەوت باڵ
کۆڵێکی وەهایی لێ دەناوە
کورت بۆ وە گوریس و هەر نەماوە
زانی کەوە کورت بوو حەوت باڵ
تەگبەندی وەسەر دەخست لە نوواڵ
پڕ بوو کە لە لێرەو تەڵایە
بەستی لە گوریس ئەو لە لایە
کێشایی لە خۆیی تەنگە تیلە
هێنایەوە کۆڵە پشتە گیلە
دای ناوە لە پشتی تاوڵ و ماڵ
ئەو کۆڵەیە بۆ سەرایی قژ کاڵ
تەگبەند کە هەر لە کرنەوەی دا
دەپساو تەڵایی لێ هەڵەڕژا