«دەرفەت پەیداکردنی پیر بۆ کوتن بە خەزاڵێ»
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
2 خولەک
674 بینین
پیر ئەو دەمە دەرفەتی کە هێنا
ئاوا دەدواوە لەو شوێنە
بەو لاسە کە شوو بکەی پەلک شۆڕ
زوو دەچمەوە گەر نەچم بەرەو گۆڕ
دەی نێرمەوە ئێرەخانی لاوە
نێوکی بە ئەوینی تۆ بڕاوە
تۆ وادەیی حەڤدە ڕۆژ دانێ
تا بێ دەگەڵت بکا ژوانێ
هەر دووکە وەلاو و سینە پاکن
بۆ یەکتری ئەی خەزاڵە چاکن
ئەو پیرە ئەوەی کوت و بە بێ دەنگ
داما بە خەزاڵە هەر نەما ڕەنگ
کردی کە لە لاس، پیرە پاسە
دەی داوە مچوڕک و ئەو دەتاسا
چون ئاوری عیشق لەو مەمەی دوور
خسبوو لە دەروونی یارە مەنسوور
بەو دەردی ئەوینە موبتەلا بوو
پەیکانی لە جەرگ و دڵ درابوو
بوو کۆیی زوخاڵ ئەو بە فکرە
دەرمانی بە دەستی کەس نەدەکرا
گەر بەڵگەیی لاسی ئەو وەدەس کەوت
لەو پیرە لە شادیا نەدەسرەوت
ئەو ڕوویی لە مامە پیرەکەی کرد
دەیگوت وەرە دیوی ئێمە ئەی کورد
چون بەند و هەوایی تۆ دەزانی
دەرمانی برینی سەر دڵانی
دڵخۆشی و شین هەر بە تۆیە
ئازار و برین هەر بە تۆیە
چون پیرە لە کن خەزاڵ دانیشت
هەر تیری ئەوینی بۆ دەهاویشت
لاسی کە لەبۆ دەکرد بەیانە
وەک گوڵ دەگەشاوە ئەو جوانە