پرسیاری پیرە لە کابرایەک لە بارەی ئەو هۆبەیەدا

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 3 خولەک  769 بینین
ئەو پیرەیی هۆشیار و عاقڵ
بۆ وەی کە گرێ وەکا لە موشکڵ
پرسی لە یەکێکی هۆشیارە
ئی کێیە بە موڵک ئەو هەوارە؟
ئەو هۆبەیە گەورەیی گەلێیە
نێوی چیە؟ تۆ بڵێ کە کێیە؟
ئەو شۆ، کە ئەمن ئەلێرە ماوم
خۆ چاوەڕوانی نان و ئاوم
کێ نان دەری چاکە گەورە ماڵە؟
بۆ وی بکە ئێمە تۆ حەواڵە
لێم مەگرەوە گەر بە پرسیارم
ماندووم و غەریب و ڕێبوارم
لێی گرت کە ئەو پیاوە سێرە
فەرموویی کە مامە پیرە ئێرە
ئی شۆڕە کچێکە نێو خەزاڵە
ئاغا و سەرۆکە لەو مەحاڵە
کیژێکە هەتا بڵێی جوانە
قوندیلەیە شا گوڵی گوڵانە
ئەو گۆڕە بە نێوەشاڵە بەگیە
جێ هۆبەو بارەگایی نییە
ڕوو کاکە کەسێ ئەلەو هەوارە
دێ هاتیە یانە بێ لە شارە
جێگایی سەرایی پەریە شۆخە
میوانی هەمیشە تێر و تۆخە
ڕووی کرد کە لە هۆبە بانەیی بێ
نابێ کە لە ماڵە ڕەعیەتی بێ
دڵشاد و بە کەیف دێ کە مێهمان
وەک حاتەمە لەو وەڵاتە بۆ نان
جا لێرەوە ماڵەکەی بەدیی کە
شەو ڕوو لە دەر و سەرایی وی کە
ئەو تاوڵە بەر بڵاوو پانە
لەو هۆبەیە ماڵی مەزنە مانە
ئەوهەی کە دەبیست دەس بە جێ پیر
بۆ تاوڵی گەورە چوو نەبوو گیر
ڕووی تێ کدو گەییە بەر دەمی ماڵ
ئەو پیرەیی بێ هەواس و بێ حاڵ
لەو ژوورەوە خانمی بەڵەک چاو
فەرموویی دەکردە پیرەو لاو
چۆ ژوورو سڵاوی کرد و دانیشت
خانم بە جووابە گەوهەری ڕشت
تێ فکری کە پیرە لەو سەرایە
وەی زانی سەرایی پادشایە
چون تاوڵە نیوە ئەو بە چیغان
کردبوویە بە دیوەخانی مێهمان
ڕۆژێ نەبوو ئەو وەتاغە بێ چۆڵ
لەو ژوورە غەوارە بوو بە چەن قۆڵ
ئەو پیرە بە خۆی و بەو جوانە
فەڕشی کە دەدیی لە دیوەخانە
واقی وڕئەماوە لەو شتانە
نەی زانی بڵێ بە چی جووانە
دەیگوت کە خەزاڵە ڕەند و خاسە
گەر ئەو کچە شوو بکا بە لاسە
پێی ناوە تەمەن لە شەست ساڵێ
چۆن لەو گوڵە من بکەم دەڵاڵی؟
من پیرم و خانمی شل و مل
کوا گوێچکە لە بۆ وەتەم دەکا شڵ؟
دامایەوە بەو خەیاڵە پیرە
دەیکردەوە سەد هەزار بیرە
نەی زانی کەوا پەری کەساسە
گیرودەیی عیشقی شۆڕە لاسە
مەنسوور بە باسی شەنگە لاوە
تیری لە دڵی خەزاڵە داوە
وا کاریە ئەو دەمەی کە دەمرێ
بەو دەردەوە پێ دەنێ لە قەبرێ
تا قاوە و نان و چایی بۆ هات
دەیکردەوە پیرە هەر خەیاڵات