باسی عیشق

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 3 خولەک  747 بینین
چەن خۆشە وەڵاتی عیشق بازی
تێیدایە گەدا و شا و قازی
گەر پیرە وەیا جووان و لاوە
زنجیری لە گەردنی کراوە
مەڵبەندی ئەوینە چوون بە ترسە
چی کردووە، چی دەکا، مەپرسە
کەم کەس هەیە دەربچێ لە دەستی
لەو دایە گمۆیی بەرز و پەستی
کاتێکی گەدا دەکا بە قاڕوون
قاڕوونی بە غەم دەکا بە مەجنوون
دێنێتەوە بۆ مەمی بە شەو زین
بۆ زینی دەبا مەمی لە سەر زین
فەرهادی دەخاتە بێ ستوونە
شیرین لە بەرابەری زەبوونە
سیامەندی دەکا بە پەل گرفتار
خەج بۆیی دەچێتە سەر پەل و دار
مەجنوونی دەخاتە شیو و کێوان
لەیلایی لەبۆ دەبا بە گریان
یوسف کە لە چاڵی ئاودا بوو
پشتی لە کەس و لە ئاشنا بوو
ویستی لە عیشق تەلایی وێخا
دەیکرد بە کۆیلە بۆ زولەیخا
لەو مەرتەبە پەستەدا دووایی
دەرچوو دەگەیشتە پادشایی
برایموکی بە عیشق بردە پژدەر
ئەستی لە دوا دەبوو پلەندەر
مەحموودی لە گۆم و ئاو داوێ
مەرزینگی دەگەڵ دەخا لە ئاوێ
وەی دێوی ئەوین چەن زەلامە
فێڵاویە جادووە بە سامە
جادووگەرە سینەما نومایە
پڕ کێشە و شۆڕش و هەرایە
هەر دەم بە هەوایە دادەنێ داو
هەر تاوە شتێکە ئەو لەبەر چاو
کاتێ بە گوڵێکە هەر نیازی
ساتێکی لە سەر دڕوویە وازی
نازانی چ جۆرە ئەو چ ڕەنگە؟
مەیدانی خەیاڵی ئێمە تەنگە
سەد کاری وەها دەکا کە زانا
سەرگێژە هەتا دەژی لەوانە
شارێ کە بزەی عیشق لە وێیە
پێ گەورە و مەزنە کێ بە کێیە
ئاقڵ کە دەگاتە وێ جنوونە
لەو شارە ئەوەی کە شێتە، ڕوونە
لەو خاکەیە شا وەکوو گەدایە
دەبزانە گەدا چلۆنە؟ شایە
لەو جێیە نەدار پارەدارە
چوون سینەیی ئەو کراوە پارە
پەروێز دەبێ لەوێ پیادە
ئەو دوورە لە دەعیە و ئیفادە
هەر کەس کە پیادە بێ سووارە
بێ نازە ئەوەی کە نازدارە
ئەو عیشقە کە لەشکری بەسانە
یەکسانە لە ناکەس و کەسانە
هەرچی لە جیهانە عیشدارە
بەرد و گڵە یا گیا و دارە
پەروانە ببینە گەر دەسووتێ
بەو تیشکی ئەوینە هەڵدەپووتێ
نابن لە بزەی ئەوین ڕزگار
بنیادەم و تەیر و وەحشی و مار
لەو عیشق و ئەوینەدا بزێکن
بەشدارن ئەوانە هەر وەکێکن
ئەو هەردە بە بێ ئەوین نابێ
بێ عیشق کە بۆوە با خەرا بێ
دەریایی ئەوینە قووڵ و بێ بن
ئینسانی کە تێکەوت سەروبن
ئەو کاتە کە پێ مەلەش بزانی
ناباتە دەری سەر و گیانی