عاشقبوونی لاس بە خەزاڵ و ونبوونی مەنسوور و سکاڵای لاس لە دەس زەمانە
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
2 خولەک
766 بینین
ئەو شێخە لە لاس وا دەبوو ون
وەک بەرد بکەوێتە گۆمی بێ بن
لاس ئەو دەمە گێژ و بەر بەڵابوو
مەنسووری گەرێدە گەر نەمابوو
نەیدی کە لە بارەگایە مەنسوور
زانی کە فریوە پیرە پەڕکوور
دەیگوت بکە چارەم ئەی خودایە
ئەو دەردە گرانە بێ دەوایە
تیرێ لە ئەوینی نادیاری
کردوویە ئەوا لە لاس کاری
وەی چەندە برینی ئەو بە ژانە
سەندوویە لە بەندەنم گیانە
ئەو غوولە بە باری غەم دەهێنا
دەیڕشتە دڵی مەلە و شووێنە
حەوداڵم ئەوا لە دویی ئاسک
شووێنی نییە خۆ لە کێو و باسک
بۆ گەوهەری نادیار و پەیدا
چۆن هەستم و خۆ بخەم لە دەریا؟
دیاری نییە یارەکەم چلۆنە؟
وەک قومرییە یا دەچێ لە سۆنە؟
دانیشتویی غارە یا لە گوندە؟
ئینسانە، پەڕەندە؟ یا ئەجندە؟
وێنەی پەری یان بێ نیشانە؟
یا ڕۆژە لە ژووری ئاسمانە؟
یا حۆریە جێگەکەی بەهەشتە؟
یا مامزی دم خڕاو و دەشتە؟
مێلاقە گوڵێکی غونچە سوورە
غیلمان و فریشتە یانە نوورە؟
تەیری ڕەوەکە لە دەشت و باخان؟
یا بازە لە لوتکە کێو و شاخان؟
دەستی منی کەی دەگا بە دامان؟
داوی نییە ئەو مەلەی خەرامان
هێلانەیی بەرزە تەیری نەخشین
بۆ ئەو مەلە هەر دەبێ بکەم شین
چ بکەم نییە بۆ مە ڕێ و چارە
لەو ڕێگەوە دڵ کراوە پارە
کارم کە بە پارە بۆ کرابا
دەردێ نەبوو گەر بە بی دەوابا
دەمدایەوە هەوڵ ئەوەندە تا یار
دەکڕاوە بە پوڵ و پارە ئەوجار
دەمکردە دەوایی دەردی دووری
دەدرا بە هەناو و دڵ سەبووری
نابینمەوە یار و غەمڕەوێنێ
ڕیشەی غەمە گەر لە دڵ دەرێنێ
بۆ لاس بچێتە هەر شووێنێ
تا بەڵگەیی لەو خەزاڵە بێنێ
بەو ڕاز و نیازە دوورە لاسە
دەیکرد لە کێو و کەژ پیاسە
بۆ ناڵە بە شەو دەبوو بە بولبول
دەیداوە بە ڕۆژ ئەو لە کەژ خول
مەیلی نەبوو هەڵو ڕێ لە ماڵێ
ئەزرەت بە پیاسە بوو لە یاڵێ
ئەو زامەیە سووڕی بەو دەداوە
بەو دەردە گرانە هەر دەماوە
بۆ لاس نەبوو کەس ئەو زەمانی
مەڵبەندی گەورک پێ بزانی
ئەو لاوە گەورکی هەر نەدیبوو
لەو خاکەیە ڕمبی دڵ چەقیبوو
جاجۆیە ئەوەندە دڵ بە غەم بوو
سۆزی دڵی ئەو جووانە شەم بوو