باسی چەن شوێن لە خاکی گەورکدا کە ئەوڕۆش بە نێوی هۆزی مەلا نەبییەوە مەشهوورن
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
3 خولەک
727 بینین
چەن شوێن و هەوارگە هەن جوانن
ئێستاکە ئەوا بە نێوی وانن
وەک سانە و وەک برایم ئاغا
پڕ عەترە بە گوڵ دەکەن دەماغە
گۆڕێ هەیە باش ڕابیانە
شیو و خرێ خات خوییانە
دۆڵێ هەیە باسی ئەو کە بکرێ
ئەو داوودە نۆکە نێو دەبرێ
شیوی هەیە پشتەکەی کە گردە
دۆڵێکە بە نێوی خدرە کوردە
وەک چاوەیی دەورەکەی مەلایان
بڕوانە لە کێوە ڕەش لە گەنمان
ئەو کێوەیە شۆرەتی کە ڕەش بوو
ئەو نێوە بە نێوی مامە ڕەش بوو
کاتێ کەوە ڕێگری دەکرد ئەو
لەو کێوە دەبوو بە ڕۆژ و یا شەو
چون ئەو چەتە بۆچیا ببۆ خێو
ڕەش ئەو دەمە بوو بە نێو بۆکێو
وەک دیمەنی چل پلەی عومانی
ڕێگایی بە پێچ و بەردەڵانی
بڕوانە بە دیدە تۆ لە کەپری
وێستاوە بەرەو خەزاڵ و دەگری
گوندێ کە برێم خەساری ناوە
لەو سەردەمەدا دروس کراوە
کاتێکی کە مامە ڕەش دەگیرا
لەو جێگەیە نەبی بە فکر و بیرە
تاڵۆکەیی کرد و ڕانەدەوستا
دەیگرتەوە ئەو بە پارە وەستا
گوندێکی لە یەک چرۆ تەڵانێ
لەو گەڕگەڕی چل پلەی عومانێ
دەیکرد دروست و ئەو بناغەی
داڕشت ئەلەو چیا و شاخەی
گەر جەردە نەماوە لەو مەحاڵە
ئەو گوندەیی پڕ دەکرد لە ماڵە
تاکوو ڕوو ڕەشی درۆزن
ڕێگایە بە کاروانە نەگرن
لەو خاک و شوێنە ڕیگە گرتن
لاچێ دزی و فەقیر کوشتن
لەو گوندە دەماوە ئەو مەلایە
تا دێ دەکراوە دارە ڕایە
نێوی کوڕە باشەکەی دەهێنا
لەو گوندە دروسکراوەکەی نا
لێی داوە کە کۆڵەکە و خەسارە
فەرمووی کەوە دێ برێم خەسارە
وەک کانی و گۆڕی شاڵە بەگیان
جێ تاوڵ و خێوەتی دەنەبیان
وەک توڕەیی ئاو زۆر و سووکە
پڕ چیمەن و سەوزە و کوڵۆکە
بڕوانە لە کێوی سێوە سوورە
نوورینە بە ڕەنگ و ڕوویی توورە
بیری وەکە تۆ ئەلەو مەقامە
شایانی سوپاس و ئێحترامە
ئەو گۆڕە هەوارە چا بناسە
جێ گۆڕێ کچی مەلا و لاسە
بیستووتە کە سێوە سوورە ناوە؟
ئەو نێوە خەزاڵ لێی دەناوە
لەو کێوە کچێکی خۆشەویستی
لێ دەمری و دەردەچی لە دەستی
نێوی کچەکەی ئەلەو هەوارە
تابوویی دەبوو بە یادگارە
بەردێ کە کچی مەلا بە خۆشی
ڕۆژانە مەڕی لە سەر دەدۆشی
دەیدا مەڕە زاو ئەو لە پێرە
بەو کوڵمەیی سووری وەک شلێرە
سەندەڵییەکی کەونە ساڵە ماوە
لەو گوندی خەزاڵە ڕوندراوە
گەر گەییە بە موغبەرەی مەلایان
دانیشە دەمێکی تۆ لە لایان
هەرچەندە کە ماتن و کەڕ و کاس
مێژووی گەلی کا نەبی دەکەن باس
خۆ بەڵگە لەوانە زۆری تر هەن
جێگایی چڕ و چیا و بەندەن
ئەوهانە هەموو هەن و دیارن
بۆ ئەو ڕەگەزەی شوێنەوارن
هەرکەس کە بەوەی بڵێ درۆیە
بێ بیر و خەیاڵە ئەو مرۆیە