دایەن گرتنی ئەحمەدئاغا بۆ لاسی
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
2 خولەک
644 بینین
دایەن کە لە بۆ کوڕەی دەگیرا
مانگانەیی بۆ بڕاوە لیرە
تا شیری هەر ئەو بدا بە لاسی
ئەو دایەنی بێت و ئەو بناسی
ژن وایی دەکرد کوڕ بە خێوە
شیری مەمی دایەنی وەلانا
پێی گرت و دەبۆ وەگەر زمانی
دەیداوە تەشەر لە قارەمانی
کاتێ کە دەگەییە حەوت وەرزی
دنیا لەبەر ئەو کوڕەی دەلەرزی
وریا و زرینگ و تیژ بیرێ
بەگزادەیی پڕ حەیا و ژیرێ
چی دڵبەرە عاشقی ئەوی بوون
سەربەرز هەمووی ملی کەچی بوون
بەڵگەی لە ڕەشیدی و کەماڵی
دەنواند هەتا دەڕۆیی ساڵی
هەر ئەو دەمە بابی ئەو جوانە
دەیگرتەوە یەک مرۆیی زانا
تا دەرس بە لاسە شۆڕ بێژی
ئەو عومرە نەباتە سەر بە گێژی
میرزا لە شتی دەچەندە جوورە
فەرموویە دەرسی ئەو بە نۆرە
سستی نەدەکرد کوڕ لە دەرسان
تۆ وەرز بە بێ پشوو وەستان
شەو مەسئەلەیی ڕەق و گرانە
دەیکردەوە دەور ئەو جوانە
هەر ڕوویی لە بەندەنی سەخت کرد
لەو ڕێگەوە تاقی بەخت کرد
هەرچی هەبوو ئەو هەموویی بۆ فێر
یەکدەم نەبوو گەر لە عیلم بێ تێر
ئەو لاسی بە بیروباوەڕ و هۆش
دەیکردەوە مەشق بۆ خەتی خۆش
بۆ دێرێ بە ڕەنگ و ڕوویی تاووس
شاگردیە وی دەکرد قابووس
زانا و بە جەوهەر و هونەر بوو
نووسراوەیی عیلمی ئەو لەبەر بوو
وابوو بە موهەندیس و بە زانا
دەداوە لە بورجی ئاسمانا
ئاوازەیی خوێندن و سەوادی
دەرچوو لە کەژ و لە دێ و وادی