کوژرانی مشک لە دیوی بووکی بە دەس مارف
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
2 خولەک
662 بینین
زاوا کە دەگەییە خزمەتی یار
مشکی خڕە هاتە دەر لە دیوار
زوو چەکمەیی ئەو لە لاق داکەند
هاویشتییە مشکەکە و ڕۆحی سەند
دڵخۆش دەبوو بە کوشتنی مشک
خۆی ڕەپ کردبوو بە کلکە دوو پشک
بەو کارەیە ئەو دەبوو بە بارام
ئاوا دەدوا دەگەڵ گوڵەندام
دەبزانە چ جوورە ئەو هەلەم کوشت؟
بەو چەکمەیە مشک بێ سەر و پشت
بۆ دوژمنی نالەبار ئاوام
بێ ترسم و وەک پڵنگ ئازام
نەسرینی پەشێو و دڵ بە ژانە
بیستی کە لە مارف ئەو وتانە
دەیکردەوە، تف لە شوو و پشتی
لەو خوو خدەی بە دوو ڕەوشتی
دەیگوت لە چ ڕێیە ئەو هەنێرە؟
حیزێ کە لە لایی مشک شێرە
هەرکەس کە لە خۆ دوا بە مەردی
بێ هۆشە، سەری دەدا لەبەردی
لاوێ کە بکا لە خۆیی تاریف
ئازایە لە ژوورێ بۆ گەڕ و گیف
گەر ئەحمەدی من بەوەی وەگۆڕم
دوا مردنی گووی سەگی بە گۆڕم
ئەو فیلە دلێرە ئەو ڕەشیدە
دەیکوشت لە ڕێیە چل تەریدە
هەرگیز دەماری وا نەهێنا
بدوێ لە هەرایی ئەو شوێنە
ساڵێ لە کن ئەو دەبووم بە خوا
هەر لەو شەوێ چل تەریدە نەدوا
ئەو حیزەیە بۆ دەبێ بە مشکێ
دنیایە بدا وەبن هەنیشکێ؟
چی کردووە بۆ منی هەژارە
بەو جۆرە بە دەعیە و دەمارە؟
شەربێ لەوە پاشە مارفی سەگ
من بچمەوە کن مرۆیی باڵەک