نەخشەی ئەحمەد بۆ فریو و ڕفاندنی نەسرین
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
1 خولەک
659 بینین
جا ئەو دەمە خوسرەوی جحێڵان
ڕووی ناوە لە داو و فەند و فێڵان
دەکشاوە بە فێڵ بۆ دواوە
بۆ لایی ئەوانە زوو گەڕاوە
چۆ پێشەوە بێ هەرا لە وانە
یەجگار بە شەرم و زیرەکانە
دەیکردەوە گاز وا لە بەرزی
تونیم بە چ جۆرە بێمە عەرزی؟
ئەو ئەسپەیی من ئەوەندە هارە
ناسەورێ لە چۆڵ و کێو و پارە
هەرکاتێ کە دابەزم لە بۆ ئاو
لەو جێیە دەکا سەمایە بە لغاو
یەکتان پیاڵە با لە ئاوێ
بێ زەحمەتە پڕ بکا لە چاوێ
بێنیت و نەکا لە ئێمە بێزێ
با بگرێ لە ڕێبوارە ڕێزێ
بیدا، وە دەسم لە ئێرە توونیم
کاری چییە ئەو بەوەی کە من چیم؟
بەیبوون وەهایی گوت بە نەسرین
بەو جامەیی گەر بە زێڕە نەخشین
بۆ وی بەرە ئاوە زوو بە چاوم
گیان و دڵم ئەی کزەی هەناوم
ئەو کارە بە دەستی تۆ کە دەیکەم
چارەم نییە ئەی جوانە چیبکەم؟
دەستم چەپەڵی ئەوەندە پێوە
بیدەم لە بلوورە یا لە زێوە
گەر بێیتەوە بۆر عەیبە بۆمە
دەنکاتەوە ئەو سوارە لۆمە
هەرچەندە سوارە ناشناسە
بە ڕواڵەتی ئەو مرۆیی خاسە