سێرەگرتنی ئەحمەدئاغا لەو ژنە و ناسینەوەی بەیبوونی

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 3 خولەک  732 بینین
گەر لەو ژنە ورد دەبۆوە مەجنوون
دیی کوڵمە و لێوی سوورە بەیبوون
ڕوانی کە لە ڕوویی ناهومێدی
لەو دۆڵە ئەوەی کە نەیدەدی دی
چاوی کە بە گوڵ کەوت لەسەر زین
جەستەی بەدەنی دەکەوتە لەرزین
مەحبووبەیی گەر دەدی بە چاوان
تاسا عەبەساوە هەر لە تاوان
ئێستا گوڵی چەندە ساڵە ون بووی
وێستاوە لەبەر دەم و دەس و ڕووی
بەو دیتنە تازە بۆوە ژینی
بینراوە دەوایی بۆ برینی
فەرهاد کە شاد ئەبوو بە شیرین
دەیڕشت لە خۆشیا ئەسرین
دەیگرت کە لە پڕ هەناسەبڕکە
تەندووری غەمانی ڕۆ دەمرکا
بەو حاڵەتە پەرتە نەیدەزانی
چی بێژێ بە یاری نۆجوانی؟
جێی جۆیی بوو گەر ببایە بێ هۆش
دنیایی بکردبا فەرامۆش
هەرکەس کە لە باتی ئەحمەدی با
لەو جێگەیە دڵبەری بدیبا
لەو کاتە بە چەندە دڵ پەشێوی
وەک شێت، ملی دەنا لە کێوی
دوو یار ئەگەر لە یەک جودا بوون
هەردوو بە بەڵایی موبتەلا بوون
چەن خۆشە لە پاشی بێ مرادی
ئەوهانە بە یەک بگەن بە شادی
ئامێزە لە یەک بدەن بە گەرمی
ناز و گلە ئەو بکەن بە نەرمی
بێ کرپە لە ماچی ڕوومەتی سوور
بێ چرپە لە خشڵ و زێڕ و بەرموور
بخشێ کە لە پاو و پووزە خرخاڵ
بخزێ لەسەر و ملانە دەسماڵ
هەر زەردەیی لێو و چاو بڕکە
ڕاز و قسەکردنی بە سرکە
بێ هاڕە لە کرمەکان و قرمە
هەر بازنە دەس بکا بە خرمە
کۆڕ بێت و وەهایی لێ ڕەبادا
بادا لە لەشی حەریری سادە
بگرێتەوە لەرزە یەک لە تاوان
بگرێتەوە بۆ خەتا و تاوان
یەکیان بپشکوێ وەکوو گوڵ
بیکاتە دەوایی زامی سەردڵ
بکوشێتەوە ئەو هەناری تورتە
ئەویان بڵێ تۆ نەکەی، بە سرتە
ئەو لێوی بە نازە لێ بقورچێ
ئەم وی بکەوی لە پڕ نەقورچێ
وەک مامزە کچ ئەو کوڕەی کز
کچ چاوی بەڕق لە کوڕ بکا بز
لە دوایە بە ئەهوەنی و بە نەرمی
بدوێ دەگەڵ ئەو کچەی بە گەرمی
بگری سەری پەرچەمی لە ئەستۆ
بیخاتەوە مێزو و باوەشی خۆ
دڵداریە زۆر و دڵنەوازی
پاڕانەوە یاری بێکە ڕازی
سەدجار فیدایی پەرچەمی بێ
مەیلی لە چەنەی خڕ و دەمی بێ
دەس دا لە سەر و برۆ و چاوی
داهێنێ بە شانە موویی خاوی
بۆ یاری بوێژێ هەر وتەی خۆش
تا قەڵسییە ئەو دەکا فەرامۆش
ئەو جارە کە کوڕ بە گاڵتە و گەم
نێزیک لە ڕوومەتی وەکا دەم
لێوی وەکوو غونچە وێک بێنی
تاکوو بە ددان نەیدڕێنی
ماچێکی وەهایی لێ بسێنی
جێ ماچی وەدەرکەوێ شوێنی
سووربێتەوە کوڵمە هەر وەکوو سێو
ڕووشاو وڕونا بێ بە دەم لێو
لە دوایە بە ناز و غەمزە دڵدار
لادەن لە قومار و بەزمە ئەوجار
لاولاو و چنار بن لە بۆ یەک
دوو عاشقی یار بن لە بۆ یەک
هەر ئەو دەمە دەڵ بکەن نەواری
بۆ قام و هەوایی کوردەواری
گوێ بگرنە لەو هەوایی زیزی
وەک سۆیبە بنوون و نەک بە زیزی
لەو بەندە کە غەمڕەوێنی خەڵکن
هی زیرەککەس و ماملێکەس بە کەڵکن
سەرگەرم بە شادی و بە گەم بن
پەروانەیی بێ هەرا و شەم بن