لاچوونی شەو و هاتنی ڕۆژ
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
2 خولەک
700 بینین
کاتێکی کە کاروانی زەنگی
دەبڕا لە زەمین دەنگی زەنگی
سوڵتانی فەلەک بە تاسی زێڕین
ئەو هەردەیی کرد بە نوور ڕەنگین
ڕەنگ ڕێژی سەر ئەو چیایی چینی
دووبارە دەهاتە سەر زەمینی
مووی ناوە لە هەگبە و خوری ڕست
ڕوخساری هەموو شتی وەدەرخست
لاچوو لە زەمین گەر سیایی
دەیداوە لە خەڵک ڕەوشەنایی
شێخاڵە و تیشکی ئەو هەتاوە
لەو کێوە لە ئەحمەدی دەداوە
تیشکی کە لەوێ چەقی لە پەستا
ئەو لەو خەوە ڕاپەڕی هەڵستا
دەیگرتەوە ئەسپەنازەنینی
لێی توند دەکرد تەنگە زینی
کە سواری دەبوو دەکەوتە ڕاوی
تینوو بوو گەلێ گەڕا لە ئاوی
بۆ ئاو لە کێو و کەژ وەسەر کەوت
دەشتێکی بەرینی لێ وەدەرکەوت
لەو گۆڕە کە خۆش و دڵگوشا بوو
سەد تاوڵی گەورە هەڵدڕابوو
هەر ئەو دەمە ڕویی کردە خێڵی
بەو ئەسپەیی بەحری و کەحێڵی
نێزیکە لە هوبە و نەدیوێ
سەرچاوە دەهاتە دەر لە شیوێ
ئەو چاوەیی گەر دەدی بە ڕوونی
ڕووی کرد لە چاوە لاوی توونی
دوو دانە ژنی دەدی لە سەروێ
شیو و کوڵی ئەو دوانە بە جوێ
چۆ پێشەوە لێی کردن سڵاوە
لە وڵامی سڵاو یەک دواوە
دەنگی لە گوێی ئاشنا بوو
بۆ دەردی دڵ ئەو وتەی دەوا بوو