هاتنەدەری بەیبوون لە خیوەت و سەیری گرەوە ئەسپ
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
2 خولەک
792 بینین
بەیبوون کە لە سەوزەدا درەوشا
دەیکرد گرەوە سپە ئەو تەماشا
دوو دانە مرۆیی فیرە دارە
لەو دەشتە و گۆڕەدا بە غارە
بەربوونە گرەو بە چەندە جوورە
دەشکان لە بۆ یەک ئەو بە نوورە
جارێکی عەرەب شکاو و ئاوا
بوو، زوو لە هەڵاتن ئەو گەڕاوە
ئەحمەد کە لە دوویی بۆ دواکەوت
ئەو مایینە چون دەماوە بێ ڕەوت
وەک تیر بە غار ئەڕۆیی مەجنوون
تاکوو دەگەیشتە شۆڕە بەیبوون
داری لە کن ئەو گوڵەی بە قەستی
ئەو شێخە فڕێی دەدا لە دەستی
فەرمووی بە دڵبەر ئەی پەری ڕوو
کۆمەک بکە چاکە کۆمەکی تو
وەمنی دەوە زووبە داری تەقڵە
خێر کە زەمانە پڕ لە نەقڵە
با هەڵنەوەشێ لە ئێمە کایە
ئەو شادی و بەزم و ئەو هەرایە
ئەو فێڵەیی بۆیە کرد نەهێنی
بەیبوونە بەرێتۆ و بیڕفێنی
چون ئەو بە ئەوین موبتەلا بوو
بەو داخەوە جەرگی هەڵدڕابوو
نەیمابوو قەرار و سیکە دانە
دەیکرد تەماع لەو جوانە
بۆ بردنی سەروی خۆش خەرامان
کردبوویەوە را دەگەڵ غولامان
گوتبوی کە دەبێ هەموو بە سازی
ڕاکەن لە مەکانی تەقڵە بازی
وە شوێنی ئەمن کەون بە یەلغار
دیتانەوە گەر هەڵاتم ئەو جار
نۆکەر لە دوایی ئەو وتانە
هەستان لە لانە وەک یەکانە
یەکدەم نەسرەوتن و نەخەوتن
لەو دەوروبەرانە دوور ئەکەوتن