باسی عاشقبوونی شێخی عارەبان

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 2 خولەک  835 بینین
ڕوخساری پەری کە لێ وەدەرکەوت
دەیگرتەوە شێخه گڕ وەکوو نەوت
وەک مێوە دەلەرزی و دەتاسا
نەدواوە لە بەند و باو و باسە
تاوێکی بە پێوە ڕادەوەستا
ئەژنۆیی دەبۆوە شل، دەوەستا
لەو جێیە دڵی دەچوو لەخۆوە
سەفرایی دەگرت و لار ئەبووە
لە دوایە بە زاهیر و ڕواڵەت
چا بۆوە لە لەرز و فێ و حاڵەت
ئەو عارەبە غیرەتی وەبەر خۆ
نا، کەوتە وتەی جوانه بە درۆ
دەیگوت کە لەبەر گوڵی دەخەت خەت
لاقم نییە بچمە ژووری خێوەت
من بولبولی گوڵشەن و کڵووکم
شەیدا بە شلێری تازە بووکم
لەو چیمەنی شینە ڕادەوەستم
باوڕکە، بە بۆنی خۆشە مەستم
ڕستی بە تەشی لە فێڵ چەند داو
دەیداوە فریوی ئەحمەدی لاو
بەو جۆرە وتانە پیری پەڕکوور
دەیبردنە ژووری خێوەتی سوور
بەیبوونە لە ژووری خێوەتی خۆی
دانیشت بە بێ ڕەفیقە بۆخۆی
ئەحمەد کە دەگەڵ دزەی برابوون
لەو کێوە لە چادرێکی دابوون
خۆی خستەوە کۆڕی وانە مەیگێڕ
گرتبووی بە پەنجە کوپەڵەی زێڕ
هێنایی لە کۆنە و لە تازە
دەیکرد دەماغی وانە سازە
لەو خێوەتە مەی کە بوو لە گۆڕێ
سەرخۆش دەبووە ئەهلی کۆرێ
مێشوولەیە، شەڕ دەکا دەگەڵ فیل
گەر لەو مەیە بەو بدەی بە بەرتیل
بخوا لە شەڕابه یەک تنۆکە
وەک دێوە ئەوەی کە ترسەنۆکە
بەو ئاوە نەڵێی دزێوە، زێوە
هەر قەترەیی سەد دەوایی پێوە
ئاوێکە دەوایی دەردی خەڵکە
بۆ دەرد و پەژارە ئەو بەکەڵکە
کاتێ کە وەمەی بکەیتە دەرمان
دەڕواتەوە دەرد و غەم لە سەرمان
مەیگێڕی بە زیندەدڵ بزانە
چون خاوەنی چاوەکەی ژیانە