ئیزن وەرگرتنی ئەحمەد لە پاشا بۆ گەڕانەوە بۆ بالەکان

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 2 خولەک  759 بینین
ئەو ئەحمەدی خاوەنی جەماڵە
تا بوو تەمەنی بە بیست ساڵە
خوێندی لە سەرایی پادشادا
دوایی خەبەری وەها بە شا دا
کەیخوسرەوی بەرز و خاوەنی تاج
دەستێنی لە ڕۆژ مەختە و باج
ڕۆژی لە چیایی کوردەواری
نووری لە شەوی سیا و تاری
هەر تۆی کە بە شیر یا بە گورزە
شێران دەخەیتە تاو و لەرزە
بەخشندەتری لە بەحر و هەوران
ئازاتری کاتی شەڕ لە بەوران
هەرکەس کە ئەتۆیی چاو سوورە
شێرێکە لە نەگبەتی بەدوورە
قین و ڕقی تۆ بەدڵ کە هەستێ
دەریا لە شەپۆلە ڕادەوەستێ
هەرچەندە لە شا دەکەم حەیایە
کارێکم ئەمن بە پادشایە
دەیڵێم کە وە شا دڵی نەتۆرێ
لوتفی دەگەڵ ئەحمەدی نەگۆڕێ
دڵپڕ کە نەبێ ئەلێرە نانم
من دەچمەوە بۆ سەرای بابم
ماوێکە لە شارەزوورە ماوم
ئەو ماوەیە هەر دەرس دراوم
عیلمێ کە هەبێ لە نیشتمانم
خوێندوومە هەموویی و من دەزانم
ئەحمەد کە لە بارەگا نەمێنێ
ئەی گەورە، بزانە تا دەمێنێ
بۆ شایی بەبانە نۆکەرێکم
نەک نۆکەرە جۆرە مەیتەرێکم
هەمبێ کەوە میسرە یا نە شامە
هەر کۆیلە و هەر غوڵامی شامە
وەک کۆترە تۆقی میننەتی شا
کردوومە لە گەردنم هەمیشا