وتووێژی ئاوڕەحمان پاشا دەگەڵ میرسۆفی لەبارەی ئەحمەدەوە
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
1 خولەک
841 بینین
چەن دانە مرۆیی بێڕەزا بوون
لەو خاکەیی کوردسانەدا بوون
هەر چەندە بە دەعیە و هەوا بوون
ئەو نۆکەری بارەگایی شا بوون
لەوهانە سەرۆک چەن نەفەر بوون
چون زۆر بە جەوهەر و هونەر بوون
ئەو دەستە لە عالەمێ جودا بوون
بۆ خوسرەوە، وەک وەزیر وابوون
شا دوور نەبوو لەوانە ساتێ
بوویان لە بارەگا، بەراتێ
سۆفی کە یەکێ ئەلەو ئەمیران
بوو، بوویەوە مەرتەبەی وەزیران
چون ڕۆژی شەڕ و هەرایە کەڵ بوو @ شا بۆیە مەحەببەتی دەگەڵ بوو
ڕۆژێ لە وەتاغ دوو بە دوو بوون
ئەو شا و ئەمیرە ڕوو بە ڕوو بوون
بەو مەزنەیە شا ئەوەی دەفەرموو
ئایا هەیە میرە کوڕ، لە بۆ تو؟
پاشا کە ئەوەی لە میرە پرسی
ئاغا هەڵساوە پێ، لە کورسی
ئاوایی وەڵامی شا دەداوە
فەرمووی کە لە سایەیی خوداوە
یەک دانەی کوڕێ بە من دراوە
تاقانە چرایە، هەڵکراوە
نێو ئەحمەدە ساڵی حەوتە عومری
زۆر وێچووە گچکەڵەم کە نەمری