باسی لە تایفە و ڕەگەزی ئەحمەدئاغای بابای لاس

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 1 خولەک  887 بینین
پیرێ لە چیایی کوردەواری
گەوهەر لە دەم و وتەی دەباری
دوڕدانەیی باوی لاسە، پسپۆڕ
ئاوایی وەدەر دەنا لە قاپۆڕ
سێ گەورە لە خاکی باڵەکا بوون
هەرسێک لە یەک ڕەگە و برا بوون
یەک نێو دەبرا بە میرە سۆفی
نەیبوو لە پڵینگ ترس و خۆفی
یەک میرە چراغی نێوە لە برا
یەک میرە بوداغی ناو دەبرا
سۆفی کە لەوانە گەورەتر بوو
لەو خاکەیە قودرەتی پتر بوو
بابی کە دەمرد ئەو لە دێهات
نۆ دانەیی کەوتە دەس بە میرات
گوندێ کە لە گەورە گوندی کوردان
نێوی دەبرا بە ناو پردان
ئەو دێیە لە بۆ ئەمیرە جێ بوو
ماڵ و بنەگەی هەموو لەوێ بوو
ئەو میرە سەرۆکی باڵەکان بوو
چون هەمدەمی خوسرەوی بەبان بوو
نێو بردە بە ماڵ و دەوڵەمەندی
نێو بردە بە مەردی و بە ڕەندی
ئەو بووی هەزار مەڕ دەگەل شەک
سەرداری وەڵات بوو لە باڵەک
چوون بوویی ئەوەندە پووڵ و پارە
دەرچوو بوو لە قاقەز و ژمارە
سەد دانە مرۆڤی بوو وەکوو شێر
ئازا و نەترس و دەس بە شمشێر
ئەو نۆکەرە قۆزە ڕادەوەستان
بۆ خان هەموو گوێ بە فەرمان