پێشەکی بەیتی لاس و خەزاڵ
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
2 خولەک
1851 بینین
پێشەکی بەیتی لاس و خەزاڵ
1990
بە دەنگی: مەلا کەریم فیدایی
مەیگێڕە شەرابێ بێنە تێکە
کاروانی خەمی دڵم بەڕێکە
خەم دەردە هەمیشە ئاشنامە
لاناچێ لە سەر دڵم برامە
بۆم بێنە بە جام و ئیستیکانت
سەرگەرم کە خێڵی عاشقانت
بەزمێ بە هەوایی دمبەگ و ساز
سازی بکە بۆمە تۆ بە ئاواز
کە پیاڵەیی لەو مەیەی بچێژی
دڵ گەوهەری شیعرە هەڵدەڕێژی
سەرخۆش دەبێت و ئەو بە وردی
هۆنراوەیی دادەنێ بە کوردی
کەللەم کە بە دوور بێ لە کاسی
دەدوێم لە بەیت و باوی لاسی
بەیتێکە بە بایەخ و بەهایە
باسی لە ئەوین و عیشقدایە
پڕژاوە لە چاڵ و شیو و زەندۆڵ
تێکەڵ بووە ئەو دەگەڵ گڵ و خۆڵ
خشڵێکە کە زینەتی نەماوە
دوڕدانەیە داوەکەی پساوە
مروارییە توورەکەی دڕاوە
هەر دەنکە لە بەندەنێ ڕژاوە
مەیگێڕ کە مەی بدەی وە دەستم
بەیتێکی لەبار هەڵدەبەستم
دەیچنمەوە ئەو دوڕەی لە یاڵان
با بێتەوە دەر لە شیو و چاڵان
موورویی وەکۆ دەکەم بە دەستوور
دەیوەنمەوە تا ببێ بە بەرموور
هەودایێ لەوی دەخەم لە زمڕووت
سەد دانە پەرەنگی بێ لە یاقووت
سنجاخەیی لێدەدەم لە زێوی
پیرۆزە و کارەبا لە نێوی
دوڕدانە و گەوهەری وەها بێ
کەس پەنجەیی بیری لێ نەدابێ