تەمەنی پێشەوای ئیسلام لە کاتی کۆچ بۆ مەدینە
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
2 خولەک
880 بینین
وەرزی تەمەنی لەوێ کە ڕەنجا
سێ وەرز زیاد بوو لە پەنجا
ئەو ڕۆژە لە مەککەشوێن بوو کە ئاوا
پرشینگی لە نێو مەدینەشوێن داوا
لە لاوە مەدینە دەیڕوانی
کەی نوور دەدا لە کێوەکانی؟
ترسی کە برا لە هێزی کوففار
دەژواوە بەرەو مەدینە ئەوجار
نێزیک کە بووە ئەو لە شاری
ڕەحمەت لە سەر ئەو زەمینە باری
شادی کە دەکەوتە نێو وڵاتی
خەم دەرد لە خەڵک ئەبوو بە قاتی
گەش بوونەوە غونچە و هەڵاڵە
دەژیاوە وەنەوشە و گوڵاڵە
چیمەن بە گوڵی دەسوورە خەمڵی
سوێسن سەری دەردەناوە لە گڵی
بۆ حەزرەتی بەستیانە خێزەر
دار و دەوەن و گیا و گێزەر
پێشوازییە گەرمە لەو جەنابە
دەکراوە لە لایەنی سەحابە
وا خەڵک دەچوو بە پێشوازی
جوو، گێژ دەبوو نەماوە وازی
ڕازایەوە شار و بوو چراخان
شۆقی دەدرا لە کێو و شاخان
لە مرۆیی بە پووڵە یا بە بێ پووڵ
هەرچی کە هەبوو لە گەورە ماقووڵ
بۆ ڕێزە لە پێشەوا و یاری
سەر پاکی دەچوونە دەر لە شاری
کاتێ لە مەدینە بوو بە میهمان
فەرماندەیی لەشکری موسڵمان
ئەنسار هەموو بە خاو و خێزان
بەربوونە سەما و چەپڵەڕێزان
گوتیان کە وەدێ لە بۆ مەدینە
شایێ کە چرایە، بۆ مەدینە
لەو شارە کە دابەزی بە بەرزی
بەندی جگەری کوفر دەلەرزی
هەر ئەو دەمە پێشەوایی نوورین
دەیکرد بڵیند شوورە بۆ دین
نووری وەمەدینە و قەبا کەوت
بەو نوورە دروس کراوە مزگەوت
لەو شارەیەدا دەوەرز ماوە
شۆقی لە هەموو زەوی دەداوە