بە نێوی خودا
سەرەتای بەیتی لاس و خەزاڵ و باسێ لە خودای گەورە و مەزن
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
3 خولەک
1910 بینین
سەرنامە خودایە پیت و دێڕی
نێوی تووە گەردەبێ بە زیری
ئەو نامە بە لەززەت و بە بۆیە
باسی سەرەتایی گەر بە تۆیە
ئەی نێوی تۆ شەکری زار و لێوان
نێوی تۆ نەقیمی نێوی نێوان
ئەو نێوە هەوێنە بۆ هەموو شت
شت پاکی بەبێ ئەون لەت و کوت
شت تۆ کە نەبێ بە چی وەدی دێ؟
ئەو تەونە بە دەستی کێ کری دێ؟
هەر بیرتە هەمدەمی گیانم
هەر نێوتە جەوهەری زمانم
بێ جێگەو ڕەنگ و بێ مەکانی
ڕازی دڵی خەڵکە تۆ دەزانی
کێ بێت و بە تۆ بڵێ کە چۆنی
هەر تۆی هەیە و پایەدار و کۆنی
تەنیایی بە بێ ژن و مناڵی
بێ دایک و باب و مام و خاڵی
تۆ نیتە گزیری یا وەزیری
کەی هۆی دەخەیتە دەستی پیری؟
بۆ سەڵتەنەت ئەی خودای تەگبیر
تاکەی بە مرۆیی زیرەک و ژیر
تۆ بێکەس و بێ پەناو یاری
هەرچەندە دیار نی دییاری
گەرچی ونی ئەی خودایە ون نی
چ شتێ هەیە تۆی ئەگەر لەکن نی؟
لەو گۆڵشەن و چیمەن و نزارە
جێ پەنجەیی دەستی تۆ دیارە
خۆ کەس نییە لەو زەمینە هەڵکا
بێ نووری بزەی عیشق لە خەڵکا
ئەو عیشقە دەگەڵ هەموو شتێکە
یا زۆرە بڕێکە یا پتێکە
هەرچی کە لەبارە یا دزێوە
داخی لە ئەوینی تۆیی پێوە
گەر هەن لەو چیا و کێوە وەحشی
بەوهانە بژیو تۆ دەبەخشی
گەر ڕووی نەکەی لەوانە ساتێ
کێ دانەو ئاویان دەداتێ؟
تۆ خاوەنی کێو و ئاسمانی
تۆ ڕاخەری دۆڵ و دەشتەکانی
ئەستێرە ئەگەر بە شەو جوانن
نوورینە چرایی ئاسمانن
ئەو هانە هەموو چرایی تۆنە
وەستایی بەڕێزی وانە کۆنە
بەو جۆرەیە نەخشی ئەو خودایە
باسی لەکری ئەوانە نایە
ویستی کە بناسرێ بە زانا
بێ کۆڵەکە ئاسمانی دانا
دونیایەکی حەستەم و بەرینە
ڕەنگی وەکوو بەحرە کاڵە شینە
وێی خستووە چەن هەزار بەرموور
لەو لێزگەستێرە ڕووگەش و سوور
تێدا هەیە میللەتی فریشتە
کەوتونە سەرێکە وەک هەرشتە
هەر کامە بەیەک شت ئەو خەریکن
دوورن لە خەراپە هەر تەریکن
ڕۆی نا کە کوورەی زەوی سەراسەر
کێو و کەژی لێدەکرنە لەنگەر
تاچور تەنەکات و ئەو نەبزوێ
بەو میخە کەناریدا بدروێ
لەو کوورەیە کێو ئەگەر نەبایە
خۆ تەرت و توونابوو هەر بە بایە
کێ بێ کەوەچاوی هەڵبهێنێ
لەو تەون و کرانە دانەمێنێ؟
سەر سووڕ دەبێ مرۆیی زیرەک
لەو هەردی بەبێ کەژاو تیرەک
پەیدا بووە لەو زەمینی کون کون
دەریایی بەرین و پان و بێ بن
دەریا کە هەناسە هەڵدەکێشێ
دووکەڵ لە دەرروونی ڕادەکێشێ
هەوری دەبڵندی جێگە هەوراز
لەو هەڵم و هەڵاوە تۆ دەکەی ساز
هەور ئاوسە تۆ دەکەی بە باران
دەڕژێ کە لە چیمەن و نزاران
سەحراو چیاو کەژ دەکا شین
دەڕوێ کە گژو گیایی نەخشین
چیمەن کە سەوز دەبێ بەهاران
تۆ داوتە ئاوی ئەو بە باران
دەتکێ بە خوناک و تنۆکە
مەزرا بە گوڵ ئەو دەکا بە بوکە
بووکێکە شتومەکی نوێیە
کووتاڵی لە چەندە جۆورە پێیە
یا سوورە بە ڕەنگ و یا ڕەش و بۆر
یا سەوز و سپیلکە شینە یا مۆر
پشکوتنی داری لێڕەواری
کارێکە لە کاری تۆیە باری