چاو ڕۆشنی بۆ ڕێگای مەحەببەت
لە کتێبی:
خەزنەی جەواهێر
بەرهەمی:
مەلا ئەحمەدی قازی پێنجوێنی (1920-1983)
3 خولەک
735 بینین
عادەتەن بەشەر پیر یا مناڵە
دڵی عاشقی حوسن و جەماڵە
چون حوسنی ڕوخسار هەروەک گوڵی هەرد
یا پیری ئەیبا یا حەفتەیە دەرد
عاقڵ بە جوانیی سیرەت موشتاقە
پەروانەی چرای حوسنی ئەخلاقە
لە خولقی پیس و خووی نامولایم
بە کوللی بە دڵ بێزارە دایم
هەتا گەر بڵێن ڕەئیسێ لە شەرق
خوێنڕێژە و بەخیل توندە و کەللەشەق
میللەتی دایم برسی و ڕەجاڵن
شەو و ڕۆژ خەریک هەر دەسبەتاڵن
تالب بە زوڵم و بە ناحەقییە
تاڵانکەری گشت ماڵی خەلقییە
عالەم لە دەسی بێزارە هەموو
بێدینە و دەنی عەبووسە و بەدخوو
چەندە مەحروومە لە کردەی چاکە
نییەتی سەد قات پیس و ناپاکە
وە یا گەر بڵێین مەلیکی ئەفغان
شەخسێکە شەریف عالی و بەویژدان
هێمنە و حەلیم بەدین و عاقڵ
ڕووخۆش و بەشووش سەمووح و عادڵ
میللەتی خۆشحاڵ لایق و شۆخن
دایم موستەریح گشت تیر و تۆخن
تا تەسەوور کەی عەفیف و پاکە
نییەتی لەگەڵ هەموو کەس چاکە
بێ تامەی کەرەم بەم و جەفای ئەو
ئەمت خۆشئەوێ و قینت ئەبێ لەو
خۆ کەماڵاتیش هرچی مەوجوودە
ڕەشحەیە لە خولق خودا مەعبوودە
چوونی دەروازەی نەزەر لە ئەخلاق
سەبەبی قوربە بە سەففی عوششاق
ئەوجا بەو نەهجا ئەچن کە وتمان
تەفەککوری ورد لە وەزعی یەزدان
پاش تەخلییەی دڵ لە حوببی دنیا
ئەیکەن بە عادەت لە جێیە تەنیا
ئەخوێنین دەرسی ڕەسالەی ئافاق
تەئلیفی مونیف خەزرەتی خەللاق
چونکە مەوزووعی ناسینی ئەوە
مەشەڕڕەف ئەبن نەتیجە بەوە
هەروەک عالمی عاریف و عالی
لە فەزل و عیلما نەبێ ئەمسالی
لە هەر فەننێکا تەئلیفێ لایق
بکا پڕ نوکتە و مەعنا و حەقایق
جا هەر کەس بە پێی ئیستعدادی خۆی
موتالعەیان گەر دەس بدا بۆی
مەبلەغی عیلم و غەریزەی زەکای
ئەو موسەننیفە مەعلووم ئەبێ لای
تا عیلمێ لەلای زیاتر دەرکەوێ
باشتر دە پیشتر ئەوی خۆشئەوێ
موتالەعەش لەم کەونەدا کەم کەم
بە تەرتیب کۆگای عیرفان ئەکا جەم
عیرفانیش هەتا هوجووم کاتە دڵ
قازانی عیشقیش چاکتر دێتە کوڵ
خودا بە حەققی «خير الخليقهعەرەبی»
هەم بە شێرانی بێشەی تەریقە
بە بای وەشتی فەیز قیبلەکەی قیدەم
فەزا پڕ بکا فەیزانی کەرەم
نرکەی هەوری جود دەس بە بەخشین کا
ڕەهێڵەی عیرفان زەوی دڵ شین کا