تالع
لە کتێبی:
دیوانی ئەمین ئوشنوویی
بەرهەمی:
ئەمین ئوشنوویی (1889-1954)
1 خولەک
1145 بینین
ڕوومەتت ئاڵ و سپی خاڵی لەب و زوڵفت ڕەشە
لێوەکەت یاقووتی سوورە چاوی مەخموورت گەشە
تاقی ئەبرۆت مەیلی خوارە هەر وەکوو قەوسی کەمان
تیری موژگانت دیارە سەفزەدەی نێو تەرکەشە
گەردنی ساف و بلوورت! شووشە وا ڕەوشەن نییە
چاو بە دوور بێ هەر وەکوو ئاوێنە بێ غەلل و غەشە
سینەیی کافورەکەت وەک بەفری کوێستانە سپی
بۆ دڵت وەک بەختی من نیسبەت بە من هێندە ڕەشە؟
لەو جەماڵی وا بپۆشم چاکە چاوی خۆم وەلی
نەفسی من وەک تەبعی تۆ ئەخلاقی توند و سەرکەشە
پەرتەوی ڕووت بۆ هەموو کەس وەک چراغی شوعلەوەر
تالعی نەحسی «ئەمینناسناوی ئەدەبی» لەو ڕەوشەنایی بێ بەشە