شینگێڕی شێخ سەدرەدین

لە کتێبی:
دیوانی ئەمین ئوشنوویی
بەرهەمی:
ئەمین ئوشنوویی (1889-1954)
 1 خولەک  978 بینین
ئەی موریدان خاک بە سەر کەن ئەجمەعین
بۆ وەلیعەهدی تەریقەت، سەدرەدین
جا دە خۆ بەردەن هەمێشە ئاگری
بۆ وەکیلی شاهی عەبدوولقادری
بۆ چراغی خانەدانی بازیان
بۆ ڕەییسی عابدان و زاهیدان
ئەی دەریغا بۆ گوڵی گوڵزاری دین
ئەی دەریغا بۆ عەزیزی نازەنین
ئاورم ئەوڕۆ لە جەرگی بەر بووە
پیری دەروێشان وەفاتی کردووە
ئاخ لە بۆ دوو چاوی حاجی سەدرەدین
تا قیامەت کەوتە ژێر خاکی زەمین
سەییدی نەسڵی حوسێن ئیبنی عەلی
یادگاری شێخ مەعڕووفی وەلی
ئەی هەزاران وەک «ئەمینناسناوی ئەدەبی» قوربانی تۆ
ڕۆژی مەحشەر دەستی من دامانی تۆ