شینگێڕی عەبدوولعەزیزی سەدرەدین

لە کتێبی:
دیوانی ئەمین ئوشنوویی
بەرهەمی:
ئەمین ئوشنوویی (1889-1954)
 1 خولەک  930 بینین
بناڵە ئەی تەزەروی دڵ، هەتا ماوی لە دونیایێ
بەهارت لێ بووە پاییز لە داخی سەروی باڵایێ
لە بۆ هەر بولبولان فەسڵی بەهاران گوڵ دەبن پەیدا
گوڵی من جارێکی دی نایەتە سەر ڕوویی دونیایێ
گوڵم عەبدوولعەزیزی سەدرەدین بوو و پیری نوورانی
وەلیعەهدی تەریقەت، جێنشینی غەوسی بەغدایێ
لە وەختی نامرادی جوملە دەروێش و موریدانی
لە دونیا کۆچی کرد ڕۆیی لە بۆ فیردەوسی ئەعلایێ
چراغی خانەدانی شێخ ئیسماعیلی وەلیانی
نەهەنگی بەحری عیرفانی حەقیقەت دوڕڕی دەریایێ
لە هیجری ڕووی گوڵت قوربان وەکوو بولبول دەناڵێنم
فەلەک لێکی جودا کردین کە دیدار کەوتە عوقبایێ
موریدانت هەموو سووتان لە دەردی داخی هیجرانێ
خسووسەن من ئەسیری غەم جنوونی دەشت و سەحرایێ
لە ڕۆژی مەحشەرێ مەولا لە خزمەت فەخری عالەمدا
زیارەت کردنت دەیکا «ئەمینناسناوی ئەدەبی» لە خودای تەمەننایێ