بۆ سەید عەبدووڵڵا ئەفەندی «گەیلانی زادە»

لە کتێبی:
دیوانی ئەمین ئوشنوویی
بەرهەمی:
ئەمین ئوشنوویی (1889-1954)
 2 خولەک  972 بینین
سەبا ئیزهار بکە ئەوڕۆکە ناوم
ببە قاسید بچۆ کن نووری چاوم
بچۆ بۆ خزمەتی شازادەیی من
بچۆ کن غەوسی سانیزادەیی من
بچۆ بۆ خزمەتی ئوستادی فازیل
موسەممای شێخ عوبەیدووڵڵایی کامیل
بچۆ کن یادگاری نادری خۆم
گوڵی گوڵزاری عەبدوولقادری خۆم
لە لەفزی من بە قەولی خۆش و شیرین
بڵێ ئەی یادگاری شاهی شەمزین
بڵێ ئەی دوڕڕی دەریایی سەعادەت
بڵێ ئەی غونچەیی باغی سیادەت
چ ئینسافە موریدان شوبهی بولبول
بناڵێنن لە هیجرانی ڕۆخی گوڵ
نەخۆش و بێ حەکیم و دەردەدارم
بە دەرمانی تۆ موحتاجم هەژارم
بریندار و گرفتار و ئەسیرم
زەلیل و بێ کەس و زار و فەقیرم
حەکیم و یادگاری غەوسی سانی
ئەتۆ دەرمانی دەردی من دەزانی
بە لوتفی خۆت عیلاجم کە، عەلیلم
لە نێو شاری شنۆشوێنیە زۆر زەلیلم
نەزانم چۆن بکەم ئیزهاری دەردم
بە لێوی ئیشک و ڕەنگ و ڕوویی زەردم
دەمێ شادم دەمێ مەحزوون و غەمگین
بە بۆنی مەرقەدی ساداتی شەمزین
ئەگەر چەند ساڵە ون بوو ئافتابم
بە حەمدووللا کە ماوە ماهیتابم
«ئەمینناسناوی ئەدەبی» چەند ساڵە چاوی نابینایە
وەلی ئوممێدی وی نووری چرایە