مەدحی حەزرەتی سەید تەهای شەمزینی

لە کتێبی:
دیوانی ئەمین ئوشنوویی
بەرهەمی:
ئەمین ئوشنوویی (1889-1954)
 2 خولەک  1403 بینین
ئەی دڵی غافڵ هەتا کەی لەم دڵی پڕ میحنەتە
کەسب و کارت هەر گوناهن، شوغل و پیشەت غفڵەتە
خۆ دەزانی دەردی مەرگ و ڕۆحکێشان زۆر زەحمەتە
قەبری تاریک، مەنزڵێکی تەنگ و قووڵ و بێ سحەتە
جا بکە تۆبە لە دونیا تا کوو ماوی دەرفەتە
جارێکی وشیار بەوە لەو خوابی غفڵەت ئەی نەفام
عیبرەتێ بگرە لە وانی پێشی تۆ مردن تەمام
چەند کەست دیتن کە مردن قەوم و خوێش و باب و مام
خاکی قەبرێ وای ڕزاندن، مەحوی کردن خاس و عام
مردنت زۆر پێ کەمە تۆش وا دەزانی سوحبەتە
ئەو عەزیزانەی دەبینی وا لە ژێر خاکی زەوین
سەد لە تۆ بیللا عەزیزتر بوون لە دونیایێ یەقین
نەوجەوانانی دلاوەر، گوڵ ڕوخانی نازەنین
بوونە تۆعمەی مار و مووران تا بە رۆژی ئاخرین
تێ بفکرە حاڵی وان، ئەی دڵ لە بۆ تۆش عیبڕەتە
وەک مەڕێکی بێ شوانم، سەر بە خۆ بێ کەس دەڕۆم
هەر وەکوو قەقنەس دەسووتێم، داییمەن هەر خەم دەخۆم
حەزرەتی سەیید تەها، بیللا سەگی دەرگاهی تۆم
بای سەبا بۆنێک لە خاکی مەرقەدت گەر بێنێ بۆم
بۆم دەبێتە مەرهەمی جەمعی برین و عیللەتە
دڵ دەکێشێ حەسرەتان بۆ عومری ڕابردوو یەقین
هەم لە بۆ شاری شنۆشوێنیە بۆ موریدان ئەجمەعین
کوا خەلیفانی تەریقەت عالمانی ئەووەلین
ئەلویداعیان کرد لە دونیا یەک بە یەکیان ئەی «ئەمینناسناوی ئەدەبی»!
کوو لە پاشی وان نەبێ جەرگ و دڵی من لەت لەتە؟