لە یادی نەورۆز

لە کتێبی:
کاروانی یار
بەرهەمی:
جەلال مەدحەت خۆشناو (1934-1998)
 1 خولەک  742 بینین
ئەگەرچی سووسن و مێلاق لەبەر چاوە
بزەی ڕوو نەرگز و لەیلاق کەزیی خاوە
نەوەی کاوە
ئەوا بۆنی هەڵاڵان دێ
لە یاران دێ
لە پەرداخی گوڵاڵان دێ
بە باران دێ
بەهاران دێ
لەگەڵ لافاوی زێی پەنگا
بە زریان دێ
لەگەڵ فرمێسکی ڕووی مەنگا
بە بریان دێ
بە گریان دێ
بە گریان دێتە سەر ڕووی گوڵ
لە نەورۆزم
بە فیغان دێتە زار بولبول
بە پڕ سۆزم
لە بۆ هۆزم
فیداکارم درێغ ناکەم
ئەگەر مردم
لەڕێی گەل سستی قەت ناکەم
کە من گوردم
ئەمن کوردم