کۆستی ئازیزان
لە کتێبی:
کاروانی یار
بەرهەمی:
جەلال مەدحەت خۆشناو (1934-1998)
2 خولەک
981 بینین
خەزان، خەزانی چەپخوونی نەهات
سەرت تێ کردم
باری ژیانت کردمە کارەسات
حەشرت پێ کردم
فرمێسکی دیدەت لەناو چاوی من
چۆن جۆگا و ڕووبار
ڕایماڵی هیوای زۆر ڕازاوی من
نەسرین و گوڵزار!
لەشکری ئەندۆت ئەکا هەڕەشە
ڕەهێڵە، زیلە
بووکی فریشتەم بەو بەختە ڕەشە
یەخسیرە، دیلە
تریشقەی توندت هێرش ئەهێنێ
ئەوەرێنێ گوڵ
غەم ڕەگی لەناو دڵم ئەچێنێ
دەناڵێ بولبول!
ڕۆژی نووم ئەوا، پەڵەی هەوری ڕەش
زۆر بەبێ باکی
بە دوژمنانە ئەیگرتە باوەش
شەوقی ڕووناکی!
نۆبەتێی نەهات، (گۆران)ت بردم
ئۆردوگای ماتەم
باخی هۆنراوەت بێ شالوور کردم
لەم دەم و ساتەم
با ئاڵام تەڕ بێ ڕێگام خوێناوی
کۆستی ئازیزیان
گۆران بڕواتن بە دڵشکاوی
خونچەی پاییزان!
ئەخوێنم گەرچی ئەمێنێ هەر وا
ئارەزووی پیست
وەک چەرخ خول دا و بە سەرما بڕوا
وێنەی نەگریست
(گۆران)ت بردین، (گۆران)ی ماوە
بەڵام تۆی ڕەنگ زەرد
غەیرەز ناوبەدی چیت بۆ نەماوە
پەیکی ئاهـ و دەرد!
پاشانیش ناچار، هەر تۆی سەرنخوون
کە هەڵدێ بەیان
ئەبووژێتەوە سومبول و بەیبون
گوڵاڵەی ژیان!