بنەگەی شوانکاری

ئۆپەرێتێکی یاری مناڵانەیە
لە کتێبی:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
بەرهەمی:
جەمیل ڕەنجبەر (1949-1980)
 8 خولەک  992 بینین
تابلۆی یەکەم
(دێ یەکی وشک و بئ ئاوە.. سێ چوار مناڵ عوسە و شێرە، ڕەشە، بەرچاو دەکەون)
دەنگێ: (لە سیلەی قەبران هاوارە
دادگا بمدا لە سێدارە
دانانێم من مەیلی ئەو یارە
وەرگەڕێ باڵات های بیبینم
با دەرچێ روحی شیرینم
عاشقان لە دوورەوە دیارن
ڕەنگ زەرد و لێو بەبارن
مەنعیان مەکەن خاوەن یارن)
عوسە: «بەڕاکردن دێتە گۆڕەپانی دێ بە ئاوازەوە ئەمە دەڵێ»
هەرە لەقە هەرە لەقە
پەڕم وەک حاجی لەق لەقە
هەرچی نایەتن بۆ گەمان
لە ماڵ بەشی شاپ و شەقە
شێرە: (مناڵێکە سەر دەردەکا)
زەردە خۆر هێشتا هەر ماوە
زگی برسی کز و خاوە
با تاریکی قینی بڕژێ
شەمشەمە کوێر هەڵسێ و بفڕێ
بۆ کەل بۆ کەل
مناڵ کوڕ گەل
بەڕووی بەیانی هەڵدەگژێ
ڕەشە:
هاتم هاتم
نووردیە نانی خۆم دێنم و
عوسە، عوسە زوو لە لاتم
زڕباوکی ماڵ
خۆی دەمنێرێ بۆ ناو مناڵ
هەرە لەقە، هەرە لەقە
بەم ئێوارە، چاوم زەقە
لە ئێوە بێ هەزار سڵاو
دانوو دەخۆن، یاخۆ پڵاو
عوسە:
دانوو، دانوو
مەنجەڵ دەخەینە سەر ئاگر
گڕ دەکەینەوە سەر لە نوو
شێرە:
دەبێ پێکی منیش بکەن
هەرچەندە زۆرم خواردووە
پرسی باوکم نەکردووە
تا خەوم دێ
ئەستێرەتان بۆ دەژمێرم
بە گورگ و ڕێوی دەسپێرم
ڕەشە:
دە دانیشن.. کوڕگەل هاتن
(کۆمەڵەیەک دێن)
بەڵام ئەگەر…
کوڕی ئاغە لەگەڵ دابێ
تامی نابێ
فەرهاد: پەرتەی لێکەن.. خۆتان بگرن
بە فێڵ بە شەق.. دەری دەکەین
تا یارییەکانمان سەر دەگرن
عوسە:
ئەو بەگزادە
هەر خۆی نایە..
زۆریش ڕقی لە فەرهادە
بەڵام تا وەکوو بۆی بکرێ
یارییەکەمان لێ تێک دەدا
زۆر وریا بن
جارێ کەس جوێنی پێ نەدا
شێرە: (کوڕ کوێخایە و دەوڵەمەندە)
مناڵینە دڵ ڕەق مەبن
لەناوەخۆ.. فێری لێدانی شەق مەبن
(هەموو کۆ دەبنەوە)
هەموو:
یاری ئەمجارەمان جیایە
کوڕی هەژارانی تیایە
هەر منداڵێ تێکەڵمان بێ
دەبێ مەرجی گەمەی ئەمشەو
بکاتە کۆڵ لە گەڵمان بێ
ڕەشە:
دانوو دانوو
گڕ دەکەینەوە سەرلەنوو
(دەست و پێیان درێژ دەکەن)
فەرهاد:
حلول بلوول تەکامە
زەرد و سوور و شەمامە
عەیشێ باوان..
لە خۆشناوان
دەگرێ چاوان
چاوی بەگو..
پێم تێهەڵچوو..
هەڵگرە… ئەتو
عوسە:
(شێرە تێکەوت لەو یارییە)
شێرە.. شێرە
پاشکۆی دمۆر بە تۆ فێرە
تۆ خەوت دێ
تا بەیانی ناگەیتە جێ
فەرهاد:
پاڵدم بەستم..
گەر نەچیەوە.. بۆ کوێ بڕۆی
هەر دەتبەستم
ڕەشە:
دە دەستی چەپتان هەڵبڕن
ئەی ئەوانەی فێری گڕن
هەموو:
هەرە لەقە هەرە لەقە
چاوی برینم زۆر زەقە
هەرچی نایەتن بۆ گەمان
لەوێ بەشی شاپ و شەقە
(کەمێ وەستان)
یاری ئەمجارەمان جیایە
داهاتووی هەژارانی تیایە
راوی گورگی بەر بنارە
ترسنۆک و تەمەڵ دیارە
(کەمێ وەستان)
دەڕۆین بەرەو قوتابخانە
کە ئەوێ سەرچاوەی نانە
خوێندەواری و زانستی نوو
گڕە بۆ مەنجەڵی دانوو
 
=تابلۆی دووەم
(گەڕەکێکی شارە مناڵی جوتیارە دەرکراوەکانی گوندانی تیا دەبیندرێت، ڕێباز، هەریار، شاسوار، شۆڕش، عوسە، ڕەشە، فەرهاد)
تەمی زوێری گوندەکان
لە چاڵاوێکی کوندەڵانا
ئاغە و چەقەڵ
خوێنی چینە ڕانیان دەخوارد
لە قەرسیلی دەشت و دۆڵا
بەبا هاتن.. وەک دێڵە سەگ
ڕایان دەبوارد
کۆچی جوتیار...
بارگەی نایە ئەسپی ئاوات
بۆ شار هاتن.. بوونە کارگەر
تا چەکوشی داهاتوویان
خەمی دەر کردنیان لابات
هەموو:
هەرە لەقە.. هەرە لەقە
چاوی برینمان زۆر زەقە
ڕێباز:
دایکم دەیگوت
گورگی شەوێ.. گورگی شەوێ
یاخوا لە ماڵمان دوور کەوێ
هەریار:
دایکی منیش پێم هەڵنەگوت
هەموو جارێ زوو زوو دەیوت
زاوای خاڵتان..
بێنە ماڵتان
زۆر کەس هەیە هەر ڕاوی دەنێ
هەریار ئێوە چی دەدەنێ
ئێمەیش وتمان:
تۆی دەدەینێ
دەست لەمل بن تا سبەینێ
هەموو: (پێکەنین)
هەریار:
دایە ماچی دەکردم و.. پێدەکەنی
وتی: خۆزگە باوکی ئێوە
لە بەندیخانە بەردەبوو
ڕیشەی خەم و غەریبیمی هەڵدەکەنی
فەرهاد:
ئێمەی بێ باوک
ئێمەی هەتیو
بێ دەغڵ و دان..
لە شارا بێ پەنا و پەسیو
ڕێباز:
با باخی گوڵ.. دەی پێک بێنین
گڵ و ئاو.. بێڵ و چەکوش
لە گەڕەکی کۆن بسێنین
هەموو:
ئەم زڕبابە..
لە ماڵی خۆمان دەر دەکەین
بەردەقانی و دار لاستیکی
چی مناڵی جووتیار هەیە..
پاسەوانی..
کێڵگەی گوند و.. تۆمان دەکەین
عوسە:
عەسکەر نیم معاشم بێ
پۆلیس نیم ڕەشاشم بێ
مەلا نیم زەکاتم بێ
ئاغە نیم دێهاتم بێ
شێخ نیم کەراماتم بێ
داوم کەوتۆتە داوی
زەحمەتە نەجاتم بێ
کۆمەڵ: (ڕەوە منداڵێکی شارستان وەڵامیان دەدەنەوە)
هەوێزی مە قشپل نییە
زامی پشت و بن مل نییە
ڕیخی تفەنگە عوسکەیە
ئەستێرەمان ، تروسکەیە
فەرهاد:
دەوجاو.. چەقۆ و قۆچەقانی
باشتر نییە
لە تفەنگی جڕنا و فڕنای
شانی پیاوی پێپەجانی
شۆڕش:
مناڵە خۆشەویستەکان
نێوەشەو بوو
چاوی تەلار پڕ لە خەو بوو
باوکی مەزن گەڕایەوە
باوکی بەردەمی سێدارە
کە هاتەوە..
هەرچی لەشکری گڕ هەبوو
هێنابوویەوە ئەم شارە
زڕباب تووتە
برای تووتە
مام سەرسپی و باڵابەرزە
ئەسپی کوژەو دۆشاو مژە
کە شەو باوکم گەڕایەوە
خستنیە گوفەکی مێژوو
مەنجەڵی دانوییان هێنا و
گڕمان تێبەردا سەرلەنوو
هەموو:
هەرە لەقە هەرە لەقە
کاروانی مە دوور و زەقە
هەرچی نایەتن بۆ شۆڕش
لە وڵاتا.. لەژێر شەقە
 
=تابلۆی سێیەم
(قەدپاڵی کێوێکە.. هەمان کۆمەڵە مناڵە بەرامبەر دێیەکی چۆڵ و خامۆشن...)
دەنگێ:
هەبوو نەبوو
شێخ ژنێ بوو
بە بووک نەچو
مناڵی بوو
جا شووی کرد بە..
جوولەکەیەکی دەوڵەمەند
مێردەکەی مرد
چاڵی بۆ سامانی هەڵکەند
وڵات زۆری موڵکی ئەو بوو
لەو هەموو پارە و دارایە
(خانی چۆڵە)ی جێگەی شەو بوو
هەموو خزم و ناسیاوانی
کەلاوەکەی ئەویان نەویست
شۆڕشێکیان دژ هەڵگیرساند
خانوویەکیان لێ دامەزراند
بۆ هەموو لایە پڕ بەپێست
هەموو:
هاوار هاوار هاوارە
لەشکر سەدان سوارە
دێ دێ
گشت ڕێ
دۆڵ و ڕووبار
ژوانی دڵدار
مات و کزە
جێی ڕەوە کۆتر و مامزە
ڕەز و باخە دێرینەکان
ماڵی شۆخە شیرینەکان
مناڵەکان
ڕقی بەزۆر کۆچ کردنی
بەختەوەری..
جووتیاری چاوی ساڵەکان
هەوارگەی شوانکارەی لاش
جێ ئەوانەی
لەپێناوی برسی یەکانا.. خێرا هاتن
هەرچی مناڵی یاخییە
هەرچی خەڵکی ئەم گوندەیە
عەشقی بناری شاخی یە
قووچەکی خۆر..
لەسێڵی خوێنا ڕادەخەن
کۆتر و ئاسک و ئەسپ بەخێو دەکەن
هەموو:
تۆڵە، تۆڵە
سەدان سوارین
خەمی مێژوومان بەکۆڵە
یاری ڕیزە میرانەیە
سەدان لاوی پشت یەکگرتوو
بەدوای شوانی خۆیان دەڕۆن
ڕاوە گورگ و ڕاوە چەقەڵ
دەکەن بەخوو
هەریار:
شۆڕش، شۆڕش
تۆ دەزانی شوانی بکەی
شۆڕش:
بەڵێ بەڵێ
ڕێباز:
شەوین و شیوە خوار دەکەی
شۆڕش:
بەڵێ بەڵێ
شاسوار:
نانی بۆ سەپانان دەبەی
- : بەڵێ بەڵێ
عوسە:
لە گورگ و ڕێوی ناترسێی
- : نەخێر نەخێر
هەموو: (هۆ، هۆ، هوو هوو)
کاتێ شۆڕش لەلافاوی سەد مەترسی
لە مردنی شوان دەپرسی
شوانە گڕە..
بەم مەرجانەش
توانی شوانی هەژاران بێ
لەبەرایی دڵداران بێ
گۆچانی خوێنی گرتە دەست
چەکی نایە شانی مەبەست
 
=تابلۆی چوارەم
(لە دێ یەکی دەم سنوور.. شین و ڕۆڕۆی شێخی گورگانە بەخەنجەری شوانکارەی زامەکانی کوژاوە و شینی بۆ دەکەن..)
پیرەژنێ:
هێ دیوانێ دیوەخانێ
کێ بوو پیری ناو دیوانێ
تا دوێنێکە میر محێ بوو
عیشقی خوێنی بەبێ خوێ بوو
دارە جگەرەی وەک تفەنگی
تانجی و توولەی ڕاو و جەنگی
هێ دیوانێ دیوەخانی
کێ بوو یەختەی ناو دیوانێ
هەڵاشی تەرمی لاوانە
خەنەی خوێنی هەژارانە
بەجامی ژەهری بێگانە
خۆی کرد بە نیشان و تانە
هێ دێوانێ دیوەخانێ
کێ یە مردووە لە دیوانێ.
ڕێباز:
لاو و هەڵۆ
دیوانی شار..
بۆتە کۆنە ئاشی بەتاڵ
دەستاڕی خەم
بەدەست شۆخی کوڕ مام کچ خاڵ
ساواری ساڵانی ئازار
دیوان ئەوسا دەهاڕێ
هەر مەر گەوەڕ و پیرەژن
شینی مردنی بۆ دەکەن
نووشتە و مۆروو
هەڕاج دەکەن لەبازاڕی
هەریار:
مادام ئێمە یەک ڕێڕەوین
ڕیزی برسی یەکانی شەوین
شاسواری مە.. ئاوزنگی ئەسپی لێداوە
ڕێبازی مە
ماندوو بوونی
لە تەرازووی سەرکەوتنی
بێچووی چەوساوە کێشاوە
شۆڕشی مە..
شوانە و تفەنگ..
گۆچانی دەستیەتی
شەوین و شیوە خوار دەکا و
لە گورگ و ڕێوی ناترسی
سەرانە نادا بە میر و
لە هەڕشەی کەس ناترسی