بێزاری

لە کتێبی:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
بەرهەمی:
جەمیل ڕەنجبەر (1949-1980)
 1 خولەک  768 بینین
ئەی غەمی دڵ، تۆی دوژمن
بۆ وەستاوی لەڕێگەی من؟!
دەلێم گەڕێ! بۆ خۆم بمرم
تا ڕزگار بم ووچان بگرم
لە دەستی زۆڵێکی وەک تۆ
کە ئەم شێلی، بۆ بەیێ هۆ؟!
ئیتر ناڵێم بەم ژیانە
کە ژیانە، غەم و ژانە
ئێشک گری هەموو کارە
لە گشت شوێنێ لە من دیارە
وەک ئەفسونە خۆی ئەگۆڕێ
ئەبێ بە (خێو)بۆم ئەنۆڕێ
بۆ هەر شتێ دەستی بۆ بەم
ئامادەیە دەست بەجێ غەم
بۆ هەر گوڵێ کە ڕووم تێکرد
بوو بە دڕک و دڵی لەت کرد
یا پێش ئەوەی بێم بۆ بەری
گوڵی هیوای من زوو وەری
بۆ هەر کانی کە ئەچمە سەر
چکی ئەکەم.. نەمرم ئەگەر!
بکەومە دوا بۆ کام هیوا
هەر ئەی پڕم، مەرجە بەخوا
بۆیە: غەمم بەسەر ژیان
نەگبەتیشم بۆ زۆر کەسان!
بۆ هەر کارێ بکەومە ڕێ
(جەنابی) من هەر ئەی بڕێ
(غەم درۆیە.. هەر من غەمم)
(بەسەر ژیان پەردەی تەمم)
جا خودایە.. زوو بم سڕە!!
بۆ بەزەییت گیانم شڕە!!