بە باوەڕم

لە کتێبی:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
بەرهەمی:
جەمیل ڕەنجبەر (1949-1980)
 1 خولەک  763 بینین
لە ڕاوا بم، لە داوا بم، لەهەر کوێ بم
لە دێهات و لەنێو شارا لە هەر ڕێ بم
ڕاست و ڕەوام، کسپەی سۆزی نێو کۆمەڵم
ڕیشەبڕی دڕکی گوڵی تاسە گەلم
کێردی دەستی کامی ژینی پێشکەوتنم
هەڵێنجەری گەردی بیری سەرکەوتنم
بۆ (داری زل) شوێن گرێکی درەختی بەر
بە باوەڕی زادەی مەبەست ئەبمە نەشتەر
کۆڵکەی ڕزیو، مڕ و مووچی، هەزار ساڵە
گەر بیبڕم، بۆ زویرن (ئەحە) و (قالە)؟
چەوساوەیی و دەرد و مەینەتم سوار ئەکەم
ئەی تەقێنم! ئەوەی لە دڵمە دەرئەکەم
ئەڵێم: خەوی سەر سەرینی چەرخی پێشوو
ساویلکەیی و خۆپەرستی و نەفامی بوو
هەمووی دێنم بە گڕێکی بیری ڕۆشن
ئەی سووتێنم ئەکەمەوە سروودی ووتن
جا هەر ئەڵێم: لە هەموو شوێن ئەیڵێمەوە
خۆم و هەستم یا مەبەستم ناتوێمەوە