چاوی..تەتەری، سۆزمە

(شیعری گۆرانی)
لە کتێبی:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
بەرهەمی:
جەمیل ڕەنجبەر (1949-1980)
 1 خولەک  594 بینین
وەکو گوڵێ.. قرتاوم لەچڵی باڵا
وەکوو ڕەنگی سوور..
تکامە ناو لۆچی ئاڵا..
گیانە، گیانە..
گڕی چاوم.. لەهێلانەی ڕووتا، کڕە
دڵم لەخۆشەویستی تۆی ئازیز پڕە
خۆشەویستم
هەستی بەندم، بێگاری خەم و ئازارە
ورەم لەناو کێڵگەی دووریتا جوتیارە
دوای ئاوڕی تیشکی چاوت، دیلی کردم
زۆر لێکراوم..
هەڵمەتی خێری پێ بردم.
گیانە گیانە
هۆ ژنە خۆشەویستەکەم
ئەی هێزی زنجیرپسێن و.. هەڵوێستەکەم
کە هاتیە لام..
گوڵی کوێستانم بۆ بێنە
گریە و هەرای مناڵەکانم بۆ بێنە
هۆ ژنە خۆشەویستەکەم
کەڕۆیشتی.. باراشی خەمی زیندانم
ببە بۆ ئاشی ڕووباری کێوەکانم
هەرچی گەنمی وڵات هەیە، بیکەنە نان
تا تێر ببێ،
زگی ئێمە و دڵدارەکان.