بەچکەی شەپۆلی ژانەکان

لە کتێبی:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
بەرهەمی:
جەمیل ڕەنجبەر (1949-1980)
 1 خولەک  909 بینین
-١-
کاتێ کۆتر بەرز دەفڕێ
ئەگەر تەقەشی پێوەنێن.. دەربەست نییە
گەر نیشتەوە
لەو هێلانەی بەچکەکانی تیاخوراوە
سەربەست نییە
بۆیە لەزامی هێلانەی قاچ و دەنووکی ئاڵ دەبێ
هەرچی دژی داگیرکەران
چەک هەڵنەگرێ.. لای تاڵ دەبێ
-٢-
لە شەوی سک تێرەکانا..
خانووی بەرز، ملوانکەی تاریکی خەمە
منارەی خەو، مێزەری مردووی لێدەنێن
قوللەی بەیانییە برسییەکان
هێشتا وەستای گڕی کەمە
تاکوو سوورە هەتاوی ڕۆژ
شەوی خەوی بەندیخانە.. هەر ناهێڵێ و
تاڤگە خوڕەکانی بەهار..
هەرچی هێزی هەژار هەیە
لە ڕووباری پڕ شەپۆلا.. لمی دوێنێ بەجێ دێڵی
-٣-
کەوی کێوی.. لەم کێو بۆئەو کێو ڕادەکا
ڕاوکەر بەدوایا عەبداڵە
هەستی کڵۆڵ دەهۆنتەوە
شمشاڵی خوێن..! فووی پیا دەکا
قاسپەی خرۆش، دەبێتە ژان، گرمە، ناڵە
کە کەوتە ناو داوی ڕقی دوژمنانی.
لەبیر دەکا.. کڵپەی سەربەستی کوێستانی
گەر بەریدەن.. ماڵی دەبێ و هەڵنافڕێ
سۆی ژێر دەستی دەرنابڕێ
کەچی مەلی کێوی برسی ی ژانی کولم
لەقەفەسی هەرای دوژمن کەوی نابێ
سەرم بڕن...
ئاڵای سووری کەلی (شاخ)م، نەوی نابێ