باسی خواردن و خواردنەوەی بەهەشتیان

لە کتێبی:
ئاقیدەی شێخ سەمیع
بەرهەمی:
سەمیع (1848-1889)
 1 خولەک  904 بینین
شاخ و درەختی دوڕڕ و یاقووتە
پەلکی پیرۆزە، عەینی زمڕووتە
نە ووشکی پاییز نە ساردی زستان
نە خزمەتکردن ڕەنجی باغەوان
میوەیان بۆنخۆش، عەجەب لەزیزن
خۆشتام و خۆشبۆ، تازە و تەمیزن
ئەنواعی میوە و جەمعی مەتعوومات
حەڵوا و گۆشت وڕۆن، هەم نۆقڵ و نەبات
هەتا لێی بخۆن، کەم نابێ لێیان
فەورەن یێکی تر دێتەوە جێیان
چوار جۆگەی تێدا، یێکیان هەنگوینە
یێک شیری سافە، عەجەب شیرینە
یێکیان شەڕابە، یێک ئاوی خۆشە
ئەتڕافیان سونبول، لالە و وەنەوشە
بە دەرختانەوە تەیر ئەخوێنێ
گۆشتی هەر تەیرێ، تۆ مەیلت بێنێ
بە برژاوی دێ، هەتا تێر ئەخۆی
پاشی هەڵئەفڕێ، ئەچتەوە جێی خۆی
لە هەر تەعامێ، هەتا تێر ئەخوا
جامێ شەڕابی، لەسەر نۆش ئەکا
بە عاڕەق خۆشبۆ وەک میسک و عەنبەر
لە جەمعی بەدەن بۆ خۆی دێتەدەر
گشت موسڵمانێ بە قەدەر دونیا
لە موڵک و دەوڵەت پێی کەڕەم ئەکا