جەنابی موستەتاب ئاغای سەیدخدری داشاغڵ

وەڵامی نامەی خەلیفە سەید خدری داشاغڵ
لە کتێبی:
دیوانی جەوهەری
بەرهەمی:
جەوهەری (1875-1958)
 2 خولەک  1100 بینین
جەنابی موستەتاب ئاغای سەیدخدری داشاغڵ
خەلیفەی قادری یەعنی تەریقی غەوسی گەیلانیناوی تایبەت
گەیاندی ئەحمەدی مزگەر، ڕەقیمەی عەنبەرینی تۆ
کراسی یووسفی هێنا لەبۆ یەعقووبی کەنعانی
وەرمگرت و لەسەر چاو و سەرم دانا و ماچم کرد
سروور و نووری بەخشی بۆ سەر و بۆ چاوی زوڵمانی
بە خەتتی خۆش و شیرینی، بە شیعر و نەسری ڕەنگینی
وەکوو ئاوی حەیاتێ دای بە حاڵم عومری نۆجوانی
بە موژدەی سیححەتی زاتی شەریفت شاد و مەسروورم
دڵم پشکووت وەکوو گوڵخونچەیی باغی حەسەنخانی
لەڕووی لوتف و موحیببەت گەر دەپرسی حاڵی بەندەی خۆت
بیحەمدیللا لە سایەی ئیلتیفاتی شێخی گەیلانی
هەتا فەرمووی بە کەیفم مەنزڵم تەنیایە زۆر گەرمە
هەموو ئەسبابی سازە کوورە و فەرشی خۆراسانی
لە شێوەی دۆستی و مەیلت گەلێ مەمنوون و مەرهوونم
کە ئەم بەندەت لە بیر ماوە لە دوای موددێکی توولانی
مەفەرموو جەوهەری حەیفێ غەریب و دووروەتەن کەوتووی
بە گوڵزاری وەتەن نادەم غوباری دەرکی گەیلانی
وەرە با پێت بڵێم ئەو شێخە کێیە تاکوو بیناسی
جەنابی حاجی سەیید شێخ عوبەیدیللاهی گەیلانی
چرای ساداتی شەمزینە سیراجی میللەت و دینە
نەوەی تاها و یاسینە لە سولبی غەوسی گەیلانی
لەبەر چاوی هەموو کەس خۆشەویستە جوان و شیرینە
چ شیعی بێ چ سوننی بێ چ تەورێزی چ تارانی
مەقامی شێخ بڵندە پادشاهان حورمەتی دەگرن
عەسای پڕ لەعل و یاقووتی لەبۆ نادر شاهی ئێرانی
لە لوتفی حەق تەعالاوە لە هەر چوار فەسڵی ساڵێدا
زیارەتگاهی ئەشڕافە دەر و دیوار و هەیوانی
لە هەر لایێ دەبینی بۆ تەوافی دین لە ڕێگای دوور
لە ئەشڕاف و مەلا و ئاغا، لە گەرمێنی، لە کوێستانی
لە دیوانخانەیی ئەودا کە دانیشتن لەسەر سفرە
فەقیر و دەوڵەمەند وەک یەک لەبۆیان دێ بە یەکسانی
پەنایێکی بڵندە، عالییە بۆ دین و بۆ دنیا
خودا هەر پایەداری کا، هەتا دنیا دەبێ فانی