وەڵامی شێعری ئاغا سەید قادری سەیادەت

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
 1 خولەک  737 بینین
بۆ وەڵام هۆنەر دەڵێ: من قامەتی یارم دەوێ
یاری زانا و شۆخ و شەنگ، خۆش کار و ڕەفتارم دەوێ
نامەوێ وەک بووکی شاران خۆ بڕازێنێتەوە
بێ بەر و بەرموور و بازن، یاری ساکارم دەوێ
هەروەکوو لاولاو نەپشکووتوو، وەکوو بووکی بەخت
دڵبەری باڵابڵند، شیرین و عەییارم دەوێ
زولفەکەی گەستوومی وەک دووپشکی ڕەش، بەو حاڵەوە
بەژن و باڵا و لار و لەنجە و زولفی ڕەشمارم دەوێ
گەر نەخۆش بم بێتە لام پێم خۆشە، با هەر کەوتبم
ڕۆژ و شەو داوا دەکەم من: گیانی بیمارم دەوێ
گیان بە عەشقی یار نەسووتێ، سەر لە ڕێی ویدا نەچێ
هەر دوو دەفرۆشم بە پووڵێک و خەریدارم دەوێ
کاکی «ئاوات»! هەڵگرە دەستت لە شێعر و بەندوباو
تۆ کە پیر بووی هەر بڵێ: من ڕەحمی دادارم دەوێ