نامەی سەیید بۆ ئاوات (٨)
لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید قادر سەیادەت
1 خولەک
683 بینین
چوومە «قاقڵاواشوێن» ماڵی «ئیمامیکەس»
دەردەدارێک چوو بۆ دەوای زامی
مامۆستای گەورە و بەڕێز و زانا
وێنەی کەم ماوە لە موکریانا
ئەستێرە گەشەی بەری بەیانە
بەجێماو لە ڕێی شەوی ژیانە
هەرچەن جێگاکەی چۆڵ و کەنارە
مانگ لە هەرلایەک هەڵبێ دیارە
ماوە لەو دێیە ئەو زانای نامی
«قاقڵاوا» جامە و «ئیمامی»ش جامی
کابەی ئامالە ئەو بارەگایە
جێی ڕاز و نیاز لەگەڵ خودایە
دەنگی تەهلیلەی سۆفی شەوانە
عەڕشی خودایان دێنا جۆلانە
لە خانەقادا گەلی دەروێشان
سەریان شۆریدە، دڵیان پەرێشان
لە وەختی زیکرا دەروێشی دڵڕێش
پرچی وەک دڵی پەرێشان دەروێش
هەرکەس سەری خۆی هەڵگرت و ڕۆیی
دەروێش و سۆفی زەوار و خۆیی
ئەوەی بەوەفا و خاوەن کەڕەم بوون
هەر کۆترەکانی دەوری حەڕەم بوون
ئەوانیش فڕین ڕوو بە هەوا بوون
ئەوانیش وەک من سەربەهەوا بوون
لە دۆستەکانی خودا کەس نەما
خودا خۆی ماوە بەتاقی تەنیا
چ جێیەک بچم دڵ لێی بە جێ بێ
من بچمە کوێی دی بۆنی وی لێ بێ